فراكسیۆنی گۆڕان: دەزگاكانی ئاسایش لەدهۆك بە بەرپرسیار دەزانین

فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا سەبارەت بە لێدانی رۆژنامەنوسی كەناڵی پەیمان ئەیهان سەعید، دەزگاكانی ئاسایش لە دهۆك بە بەرپرسیار دەزانن.

بەیاننامەكە:

لە درێژەی هێرشکردنە سەر رۆژنامەنوسان لە کوردستان، دوێنێ شەو چەند کەسێك لە ناو بازاڕی دهۆك پەلاماری رۆژنامەنوسی کەناڵی پەیام (ئەیهان سەعید) دەدەن و لەژێر ئەشکەنجە و ئازاری فیزیکی بەبێهۆشی جێیدەهێڵن. ئێمە لە فراکسیۆنی گۆڕان لە پەڕلەمانی کوردستان بە توندی ئەم پێشێلکاریە ئیدانە دەکەین و دەزگاکانی ئاسایش لە دهۆك بە بەرپرس دەزانین لە دۆزینەوەی تاوانباران و ناردنیان بۆ دادگا. هەروەها سەرنجی دەزگا و دامەزراوەکانی دەوڵەت و حکومەت بۆ ئەوە رادەکێشین کە ناکرێت کوردستان ببێتە شوێنێك کە تێیدا رۆژنامەنوسان هەمیشە لەژێر مەترسی پەلامار و ئەشكەنجەی کەسان و گروپی جۆراوجۆردا بن و دەبێت ئیتر بە جدی سنور بۆ ئەوانە دابنرێت کە بێباکانە پەلاماری رۆژنامەنوسان و رەخنەگران لە دەسەڵات و سیستەمی سیاسی وڵاتەکەمان دەدەن.

فراکسییۆنی گۆڕان لە پەڕلەمانی کوردستان
هەولێر
٢٨/٧/٢٠١٤



PM:11:29:28/07/2014