" پێنج گیراوی شیلادزێ لەبەردەم دادوەردا رایانگەیاند ئەشکەنجەدراون "

ئەمڕۆ دوو شەممە ١٦ ئایار لە دادگای جینایاتی دووی هەولێر دادگاییکردنی پێنج گیراوی شیلادزێ بەڕێوەچوو، هەر پێنج گیراوەکە جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە لە ئاسایشی هەولێر و دهۆک ئەشکەنجە دراون.

کامەران عوسمان لە رێکخراوی ئاشتی کە یەکێک بوو لە ئامادەبووانی دادگاییەکردنەکەو چاودێری رێورەسمی بەڕێوەچوونی دادگاییکردنەی دەکرد، بە ماڵپەڕی " سپی " راگەیاند" " هەر پێنج گیراوەکە لەبەردەم دادوەردا ئاشکرایان کردووە کە لە ئاسایشی هەولێر و دهۆک ئەشکنجەدراون".

ناوبراو وتیشی" لەو گیراوانە ئەمجەد رێکانی ئاشکرای کرد کە بەبۆری و کارەبا لێیان داوەو ئاوایان پێداکردوون".

ئەو کە نوێنەری ئەو رێکخراوە جیهانییە وتی" مەحمود ناجی کە یەکێک بوو لە گیراوەکانی تر خۆی لەبەردەم دادوەردا رووتکردەوە کە فانیەلەیەکی دڕاوی لەبەردابوو، وتی لە کاتی لێکۆڵینەوەدا لێیان داوم و درزیان لە پەنجەکانم داوە".

پێشنیوەرۆی ئەمڕۆ دوا دانیشتنی دادگایی کردنی پێنج گیراوی شیلادزی کە نزیکەی دوو ساڵ زیندان کراون بەڕێوەچوو، ئەو گیراوانە کە پێکدێن لە (محەمود ناجی، ئەمجەد رێکانی، ئومێد یوسف، نێچیر بەدیع، کۆڤان تاریق) لەسەرەتادا کە بەزیندانی گەیەندرانە دادگا بە ئازادی ئازادی هاتنە دادگاوە کە ژمارەیەک زۆر لە کەسوکارو چالاکوان و سیاسی بۆپاڵپشتی ئەوان کۆبوەوە، هاوکات دادگای جینایەتی دووی هەولێر سیخناخ بوو لە هێزی ئەمنی و زۆربەی شوێنەکان لە ترسی روودانی خۆپیشاندان گیرابوو.

ئەو گیراوانە کە بە دروستکردنی گرووپی چەکدار دژی دامەزراوەکانی حکومەت و حیزب تۆمەتبار کرابوون، هیچ بەڵگەیەکی مادی نەبوو کەسەریان، هەتا گرووپ چاتیشیان نەبوو. 

 دادگا لە کۆتاییدا حوکمی دوو ساڵ زیندانی بەسەر هەریەک لە پێنج گیراوەکەدا سەپاند، بەڵام لەبەرئەوەی ماوەی حوکمەکەیان تەواوکردووە، پێشبینی دەکرێت لە دوو هەفتەی داهاتوودا ئازاد بکرێن.




PM:04:04:16/05/2022