"سەد حەیف بۆ ئەوانەی بە پشتگیری ئیسرائیل دڵخۆشن"

ئەمینداری پێشووی یەکگرتووی ئیسلامی" سەد حەیف" دەخوات بۆ ئەوانەی بەپشتگیریکردنی ئیسرائیل بۆ دەوڵەتی کوردی دڵخۆشن.
لەپەیامێکیدا کە بەبۆنەی جەژنەوە ئەمینداری گشتی پێشووی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەیجی خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردۆتەوە دەڵێت" كادیرێكی پێشكەوتووی لایەنێكی ئیسلامی بە راشكاوانە لەم رۆژانەدا لەسەر كەناڵێكی تەلەفزیۆنی سوپاسی ئەكا و دەڵێ دەبێ شاگەشگە بمانگرێ كە گوایە ئیسرائیل پشتگیری دەوڵەتەكەمان ئەكا، سەد حەیف بۆ ئەم تێگەیشتنە سەقەت و دەربڕینە بێ تەوفیق و ناحاڵییە!!.".
هەروەها لەسەر هێرشەکانی داعش و تەقاندنەوەی مەزارەکان و ئاوارەکردنی خەڵک، دەڵێت"  خودایا بەرەحمی خۆت فریای موسڵمانانی بێ كەس و ئایینی ئیسلامی بێ ناز بكەوە، بەدەست بەناو موسڵمانەوە تووشی چ هەڵمەتێكی ناشیرین كردن و سوكایەتی پێكردن بووەتەوە".
 ده‌قی‌ په‌یامه‌كه‌ی‌ سه‌ڵاحه‌دین به‌هادین:  

 رەمەزان، بەخێر چی

وا بەخێرو خۆشی ماڵئاوایی لە رەمەزانی پیرۆز ئەكەین و، مانگێكی پڕ لە فەڕ و بەرەكەت و بەخشین و ئیرادەت بەرێ ئەكەین.. خولی خۆ پاككردنەوەو بەخۆداچوونەوەمان بەكۆتا گەیاند.. سا خوایە بەلوتف و رەحمی خۆت رۆژوو و نوێژ و دوعاو تیلاوەت و عیبادەتەكانمان لێ وەرگرەو لە گوناه و هەڵەو پەڵەكانمان ببورە.. خودایا سەبوری و دڵدانەوەو ئارامی ببەخشە بەو خەڵكە ئاوارەو لێقەوماوەی كە لە ناوچەكانی عێراقەوە كەوتنە بەر پەلاماری تیرۆریست و خەواریجەكانی زەمانە، تەنانەت مەزاری پێغەمبەران و كەنیسەو مزگەوتەكان لە دەستیان سەلامەت نەبوون و تەقێنرانەوە، هەزاران هاووڵاتی سوننەو شیعەو مەسیحی و كورد و عەرەب و توركمانی ئاوارەكران و شاربەدەر كران.

خودایا بەرەحمی خۆت فریای موسڵمانانی بێ كەس و ئایینی ئیسلامی بێ ناز بكەوە، بەدەست بەناو موسڵمانەوە تووشی چ هەڵمەتێكی ناشیرین كردن و سوكایەتی پێكردن بووەتەوە.

لەولاشمانەوە ئیسرائیلی ستەمكار، لە غەززە جۆگەلەی خوێن هەڵئەكاو ژن و منداڵ و بەساڵاچوو شەهید دەكا و، ماڵ و خانوویان بەسەردا دەڕوخێنێ و گەورەترین تاوانی لەناوبردن و قركردن و پەلاماری سەربازی، پاش ساڵانێك لە ئابڵوقەی ئابووری و برسی كردن بەدیارچاوی ووڵاتانی زلهێزو دراوسێ‌ ناپاكەكانەوە ئەنجام ئەدا.

مەخابن كەسانی ناحاڵی واش لای خۆمان پەیدا ئەبێ كە دڵ بە پشتگیرییە وەهمییەكەی ئەو ئیسرائیلە ستەمكارە بۆ (دەوڵەتی كوردی) خۆش دەكا و، تەنانەت كادیرێكی پێشكەوتووی لایەنێكی ئیسلامی بە راشكاوانە لەم رۆژانەدا لەسەر كەناڵێكی تەلەفزیۆنی سوپاسی ئەكا و دەڵێ دەبێ شاگەشگە بمانگرێ كە گوایە ئیسرائیل پشتگیری دەوڵەتەكەمان ئەكا، سەد حەیف بۆ ئەم تێگەیشتنە سەقەت و دەربڕینە بێ تەوفیق و ناحاڵییە!!.

سا خوایە كۆتایی بەم مەرگەساتە بهێنەو، موسڵمانان هۆشیار بكەرەوە بۆ تێگەیشتنی هاوكێشەكان و ناسینی دۆست و دوژمنەكان.

جەژنی رەمەزان بكە بە وێستگەی تەواوبوونی نەهامەتی و سەرەتای تروسكایی سەركەوتن و ئازادی بۆ سەرجەم ستەمدیدە و بێ كەسانی جیهان.

تاعەتی رەمەزان قبوڵ و جەژنی رەمەزان پیرۆز بێ..

تقبل الله منا و منكم.



PM:06:54:29/07/2014