بکەرانی تاوانی کوشتنی دوو هاوسەرەکەی کەرکوک سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچوو

دوای نزیکەی حەوت مانگ لە ئەنجامدانی تاوانی کوشتنی دوو هاوسەر لەگەڕەکی شۆراو لە شاری کەرکوک، دادگای تاوانەکانی کەرکوک سزای لەسێدارەدانی بۆ بکەرانی تاوانەکە دەرکرد.

بەگوێرەی نوسراوێکی دادگای تاوانەکانی کەرکووک، تێیدا هاتووە، ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی سزای دوو جار لەسێدارەدان بۆ بکوژانی هەریەکە لە (نور بەدر جاسم و عەباس فازل ئەحمەد) دەرچوە، لەڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، سزای لەسێدارەدانەکان یەکێکیان لەبەرامبەر کوشتنی نور بەدرە و ئەوی دیکەشیان لەبەرامبەر کوشتنی هاوسەرەکەیەتی.

دوای تێپەڕبونی کەمتر لە مانگێک پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی کەرکوک لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ، بە هاوبەشی لەگەڵ پۆلیسی تاوانی بەسرە، توانیویانە سێ تۆمەتباری هەڵاتو دەستگیربكەن، کە پێکهاتون لە دوو  پیاو و ژنێك، دوای ئەوەی ژن و پیاوێكیان لەناو ماڵەكەی خۆیاندا لە شۆراو سەربڕی، بەرەو پارێزگای بەسرە هەڵاتون.

ڕاشیگەیاند، یەکێک لە تۆمەتبارەکان ناسیاوی پیاوەکە بوە و پێشینەی تاوانیشی هەبوە، بەپێی دانپێدانانی تاوانبارەکان هۆکاری سەرەکی ئەنجامدانی تاوانەکە،  دزینی پارە و ئاڵتون بوە.

ئەمەش لەکاتێکلدایە، لە ڕێکەوتی ٢٨ی ١١ی ٢٠٢١  پۆلیسی کەرکوک هەواڵی کوشتنی ژن و پیاوێکی لەماڵەکەی خۆیاندا لە گەڕەکی شۆراو راگەیاند، کە پیاوەکە سەری بڕدرابو  و ژنەکەش ئاسەواری فیشەک بە جەستەیەوە دیاربوە.

 

 

 

 

 

 

 



PM:01:52:19/05/2022