بەیانی ئەمڕۆ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکیا سێ جار سنووری شارەدێی ئاخجەلەر بۆردوومان کرد، لە تائێستاشدا بە ئاسمانی ناوچەکەدا دەسووڕێنەوە.
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (سپی)، کاتژمێر (٦:٣٠) خولەکی بەیانی ئەمڕۆ شەممە ٢١ی ئایاری ٢٠٢٢ سێ جار دەوڵەتی تورکیا بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بۆردوومانی گوندی توتەقەڵ-ی لە ناحیەی ئاخجەلەر لە سنوری قەزای چەمچەماڵ کرد.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، پێنج کەس بەهۆی بۆردومانەکەوە گیانیان لەدەستداوە، لەو پێنج کەسە سیانیان سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بوون و دوانیان هاوڵاتی مەدەنی بوون.
هەر بەپێی زانیارییەکان، تا ئێستا بەهۆی سووڕانەوەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بە ئاسمانی ناوچەکەدا هاوڵاتییانی سنورەکە نەیانتوانیوە بچنە شوێنی بۆردوومانەکە.