مه‌سرور بارزانی بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ئابوری جیهانی داڤۆس سەردانی سویسرا دەکات

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە ٢١ی ئایاری ٢٠٢٢ بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی داڤۆس، بەرەو سویسرا بەڕێکەوت.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی نوسینگه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئەمڕۆ مەسرور بارزانی بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ئابوری جیهانی داڤۆس، بەرەو سویسرا بەڕێکەوت، لە چوارچێوەی چالاکییەکانی کۆڕبەندەکەدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێم بەشداری لە پانێلێکدا دەکات بە ناوونیشانی (پێکهاتەیەکی نوێی ئاسایش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا). 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" سەرۆکی حکومەت لە پەراوێزی کۆڕبەندەکەدا، کە ڕۆژانی ٢٢ تا ٢٦ی ئایار بەڕێوەدەچێت، چەندین دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسە باڵاکان و خاوەنکاران و ئابووریناسانی ناوچەکە و جیهان دەبێت، لە کۆبوونەوەکاندا، بێجگە لە  تاووتوێکردنی دوايين گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە، گفتوگۆ دەربارەی هەمەجۆرکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات، گرنگی پێشخستن و چاکسازیکردن لە سیستمی بانکی، دۆزینەوەی بازاڕی نوێ بۆ بەرووبوومی کشتوکاڵی کوردستان، پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و وەبەرهێنان دەکرێت". 


PM:01:02:21/05/2022