یەکێتی هەڵوێستی خۆی لەسەر بۆردوومانەکەی ئاغجەلەر ڕاگەیاند

ئەمڕۆ شەممە، ٢١ی ئایار، دوو فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی تورکیا گوندی توتەقەڵی سەر بە ناحیەی ئاغجەلەریان لەسنوری قەزای چەمچەماڵ بۆردومانکردو دوو هاوڵاتی بوونە قوربانی.

هەرلەسەر بۆردوومانەکەی ئاغجەلەر یەکێتی نیشتیمانی کوردستان هەڵوێست خۆی ڕاگەیاندو دەڵێت، " بەنیگەرانییەکی قووڵەوە لەو پێشھاتە ئەمنی و سنووربەزاندنە دەڕوانین و ئیدانەی بۆردومانی فڕۆکەکانی تورکیا بۆ سنووری ناحیەی ئاغجەلەری سەر بە قەزای چەمچەماڵ و کەمپی ئاوارەکانی مەخموور دەکەین كە شەهیدبوونی چوار هاووڵاتیی مەدەنی و هەشت برینداری لێكەوتەوە". 

 دەقی ڕاگەیەنراوی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی

بەنیگەرانییەکی قووڵەوە لەو پێشھاتە ئەمنی و سنووربەزاندنە دەڕوانین و ئیدانەی بۆردومانی فڕۆکەکانی تورکیا بۆ سنووری ناحیەی ئاغجەلەری سەر بە قەزای چەمچەماڵ و کەمپی ئاوارەکانی مەخموور دەکەین كە شەهیدبوونی چوار هاووڵاتیی مەدەنی و هەشت برینداری لێكەوتەوە

وێڕای دەربڕینی پرسە و سەرەخۆشیمان بۆ کەسوکار و خانەوادە بەڕێزەکەیان، دەستبەجێ داوای راگرتنی ئەم ھێرشانە دەکەین و داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین کە ئەرکی دەستووریی و نیشتمانیی خۆی لە پاراستنی خاک و ئاسمانی عێراق بە کوردستانیشەوە رابپەڕێنێت و لە رێگەی کەناڵە دیبلۆماسییەکانەوە حکومەتی تورکیا لەم پێشێلکارییە ئاگاداربکاتەوە

 ھاوکات حکومەتی ھەرێمیش لەسەر ئەم رووداوە بانگهێشتی کونسوڵی تورکیا لە ھەرێم بکات و روونکردنەوە بدرێت.

چونکە ھیچ بیانوویەک نییە بەھۆی سنووربەزاندنەوە خەڵکی مەدەنی لە رووی گیانیی و مادییەوە زەرەرمەندبن. خوێنی ھاووڵاتییانمان پیرۆزە و داوادەکەین پیرۆزییەکانمان بپارێزرێت و گەڕانەوە بۆ گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن بکرێتە کلیلی چارەسەری کێشەکان

 



PM:05:08:21/05/2022