دادگای پێداچوونەوە لەبارەی وەرگرتنی پارەی خۆڵ و خاشاک بڕیارێکی نوێی دەرکرد

دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا گرێبەستی کۆکردنەوەی پارەی خۆڵ و خاشاک لە هاوڵاتیان کە سپێردرا بوو بە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت پوچەڵ بکاتەوە. 

پارێزەر جەمال حەمەرەشید، لەلاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک ڕایگەیاند" داوایەکمان لە سەر باتڵ بوونی گرێبەستی کۆکردنەوەی پارەی خۆڵ و خاشاک لە هاوڵاتیان کە سپێردرا بوو بە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت بردەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی کە بە پێی یاسا کۆکردنەوەی رسومات و باجی دەوڵەت ئەرکی دەوڵەت خۆیەتی نەک بیدات بە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت".
ئەوەشی خستەڕوو، هەر بە پێی ئەم بڕیارەی دادگای تەمییز لەمەودوا هاوڵاتیان دەتوانن پابەند نەبن بە پێدانی پارەی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک، بە هەمان پێودانگ لەسەر ئەم بڕیارەی دادگای پێداچوونەوە، بە هەمان شێوە کۆکردنەوەی پارەی ئاو لە لایەن کۆمپانیاوە نا یاسایی یە و هاوڵاتیان دەتوانن پابەند نەبن هەتا ئەو کاتەی فەرمانگەی تایبەتمەند دەبێت خۆی هەڵسێت بە کۆکردنەوەی ئەو پارانە لە هاوڵاتیان. 

جەختیشی کردەوە، بە هەمان پێوانە ئەو گرێبەستەشی کە حکومەت لەگەڵ کۆمپانیا کردویەتی بۆ کۆکردنەوەی پارەی سزای کامێرای هاتووچۆ بە هەمان شێوە نا یاسایی یە. 


PM:01:04:25/05/2022