نوسینگەی سەرۆكی حكومەت: وەزیری سامانە سروشتییەكان دەستی لەكاركێشایەوە


نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت "وەزیری سامانە سروشتییەكان بەهۆی ناجێگیری باری تەندروستییەوە دەستی لەكاركێشایەوە و ئێستا وەزیری كارەبا بە وەكالەت كارەكانی بەڕێوە دەبات".

نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە "لە ماوەی رابردوودا باری تەندروستی  د.كەمال ئەتروشی، وەزیری سامانە سروشتیەكان جێگیر نەبووە، بۆیە چەندینجار بە مەبەستی چارەسەری مۆڵەتی وەرگرتووە. ئێستاش دووبارە  بە مەبەستی چارەسەری، بە نیازە سەردانی دەرەوە بكات و پرۆسەی چارەسەریشی كاتی زیاتری پێویستە. لەبەر ئەو هۆیە بە ویستی خۆی، دەستلەكار كێشانەوەی ئاراستەی جەنابی سەرۆكی حكومەت كرد".

نوسینگەی سەرۆكی حكومەت ئاماژەی بەوەكردوە "بۆ ئەوەی ئامادەنەبوونی  د.كەمال ئەتروشی كاریگەریی نەرێنی لەسەر كاروباری وەزارەت نەبێت، َ سەرۆكی حكومەت دەست لە كاركێشانەوەكەی پەسند كرد و بڕیاری داوە كە د.كەمال وەك راوێژكاری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری وزە، بەپێی توانا و دۆخی تەندروستی، لە خزمەت بەردەوام بێت. لە هەمانكاتدا كەمال محەمەد ساڵح وەزیری كارەبا راسپێردرا، بە وەكالەت كاروباری وەزارەتی سامانە سروشتیەكان بەڕێوە ببات".



AM:08:58:26/05/2022