وەزارەتی نەوتی عێراق: داهاتی چوار مانگی ئەمساڵی فرۆشتنی نەوت زیاتر لە (٣٧) ملیار دۆلار بووە

وەزارەتی نەوتی حکومەتی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا کۆی گشتی داهاتی فرۆشتنی نەوتی بۆ چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵ ئاشکرا کرد و دەڵێت" داهاتی فرۆشتنی نەوت زیاتر لە ٣٧ ملیارو ٨٩٩ ملیۆن دۆلار بووە". 

لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە" بەپێی ئامارە سەرەتاییەكان کۆی گشتی داهاتی فرۆشتنی نەوت لە ماوەی چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٣٧ ملیارو ٨٩٩ ملیۆن و ١٢٨ هەزار دۆلار بووە، هاوکات مانگی کانوونی دووەم هەشت ملیارو ٣٣٢ ملیۆن و ٦٧٩ هەزار دۆلار بووە".

ڕوونیشیکردەوە، مانگی شوبات ٨.٥٤ ملیار دۆلار بووە، هەروەها لە مانگی ئاداریشدا ١٠ ملیار و ٩١٣ ملیۆن و ١٩٧ هەزار دۆلارو داهاتی مانگی نیسانیش ١٠ ملیارو ٦٠٩ ملیۆن و ٢٥٢ هەزار دۆلار بووە.  

ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو وەزارەتی نەوتی عێراق بڕی نەوتی خاوی هەناردەکراوی بۆ مانگی رابردوو (نیسان)، ئاشکرا کردو وتی" ئەو نەوتەی مانگی رابردوو هەناردەكراوە ٩٨ ملیۆن و ١٠٠ هەزارو ٤٢ بەرمیلى لە کێڵگە نەوتییەکانى ناوەڕاست و باشورى عێراق بووە، تێکڕاى هەناردەى ڕۆژانەش سێ ملیۆن و ٢٠٣ هەزار بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا، هاوکات نرخى هەر بەرمیلێک نەوتیش بە ١٠٤ دۆلارو ٦٣٧ سەنت خەمڵێنراوە". 


AM:11:51:28/05/2022