"بازرگانێكی مەترسیدار"ی ماددەی هۆشبەر دەستگیركرا


بازرگانێكی "مەترسیدار"ی ماددە هۆشبەرەكان لە هەرێمی كوردستان لە بازگەیەكی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەستگیركرا.

بنكەی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكانی سۆران لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاندووە "دوای چەندین ساڵ بەدواداچوون، كۆكردنەوەی زانیاری و چاودێری ورد سەرەنجام هێزەكانی بنكەی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكانی سۆران توانیان تۆمەتبار ( س.ع.خ ) یەكێك لە گەورەترین بازرگانەكانی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی كوردستان لە بازگەی گۆجار سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەستگیری بكەن".

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەشكردووە "تۆمەتبار خەڵكی ئیدارەی راپەڕینە و دانیشتووی قەلادزێ و وڵاتی ئێرانە و پشكی شێری هەبووە لە بڵاوكردنەوەی ماددە هۆشبەرەكان بە هەموو جۆرەكانی كریستال، هێرویین و تریاك لە هەرێمی كوردستان".

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە "لە ماوەی ئەم چەند ساڵە هێزەكانی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان، توانیان دەست بگرن بە سەر رێژەیەكی زۆر لە جۆرەكانی ماددەی هۆشبەر و حەبی هۆشبەر و چەندین ئۆتۆمبێل و دەستگیر كردنی ژمارەیەكی زۆر لە ئاڵوودەبووان و فرۆشیارانی ماددەی هۆشبەر كە كاریان بۆ ( س.ع.خ ) كردووە. ناوبراو سەرپەرشتی باندەكی گەورەی هاوردە كردن و بڵاوكردنەوەی ماددە هۆشبەرەكانی دەكرد و  بە دەستگیركردنی ئەم بازرگانە، ماددەی هۆشبەر لە سنووری پارێزگای هەولێر بە شێوەی بەرچاو روو لە كەمبوون دەكات".



PM:03:09:29/05/2022