حکومەتی سوید پێویستی بە دەنگی ئامینەی کاکە باوەیە تا هەڵنەوەشێتەوە


ئامینەی کاکە باوە پەرلەمانتاری کوردی سوید مەرجی هەیە بۆ دەنگدان لە بەرژەوەندی حکومەتی سوید ئەوەیە، "دەبێت سوید بەقسەی تورکیا نەکات و بچێتە نێو رێکخراوی ناتۆ."

هەواڵی میدیاکانی سوید ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە رەنگە ئەم هەفتەیە سەرۆک وەزیرانی سوید ناچار بێت چارەنووسی خۆی بخاتە دەستی پەرلەمانتاری کورد، ئامینە کاکە باوە. 

کاریگەری دەنگی ئامینەی کاکە باوە لەو کۆبوونەوەی پەرلەماندا دەردەکەوێت کە بڕیارە پەرلەمانی ئەو وڵاتە  دەنگدانێک بۆ لێسەندنەوەی متمانە لە وەزیری دادی ئەو وڵاتە ئەنجام بدات.

ماگدالینا ئەندەرسۆنیش، سەرۆک وەزیرانی سوید بەڵێنی داوە، ئەگەر لە دانیشتنەکەی ئەم هەفتەیەی پەرلەماندا متمانە لە مۆرگان یۆهانسۆن وەزیری دادی ئەو وڵاتە بسەنرێتەوە، دەستلەکار دەکێشێتەوە. وەزیری دادی سویدیش بۆ مانەوە لە پۆستەکەی، تەنیا پێویستی بە دەنگی پەرلەمانتاری کورد ئامینە کاکە باوەیە.

ئەوە لە کاتێکدایە کە تورکیا بۆ وەرگرتنی سوید و فلەندا، مەرجی هەیە کە ئەو دوو وڵاتە دژی " تیرۆر " بوەستنەوەو، ئەو کوردانەی رادەستبکاتەوە کە داکۆکی لە کوردانی باکو ر و رۆژئاواو پەکەکە دەکەن، کە ئەمەش لەلایەن ناوەندێکی بەرچاوی سویدو فلەندەوە رەتدەکرێتەوە. 



PM:09:34:05/06/2022