ئەمڕۆ ڕۆژی ئامینەی کاکە باوەیە
"چوار ئەندام پەرلەمانی کوردی سوید بێ هەڵوێستن"

‌ئامینەی کاکە باوە، ئەندامی پەرلەمانی کوردی وڵاتی سوید
ئەمڕۆ سێشەممە ٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ حکومەتی سوید کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات بۆسەندنەوەی متمانە لە وەزیری داد، کە بڕیارە (ئامینەی کاکە باوە) ئەو پرسە یەکلایی بکاتەوە، لە کاتێکدا چوار ئەندام پەرلەمانی کوردی سوید بێ هەڵوێستن. 

قادر نادر چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەبارەی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی سوید لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک ڕایگەیاند" هەریەک لە (سەرکان کۆسە، لاوین رێدار، روزا هیدین، روژهان گوستافسون) ئەندامانی پەرلەمانی کوردی وڵاتی سوید لەنێو سۆسیال دیموکرات هەیە، بەڵام کێ ڕۆژێک هەڵوێستێکی لێیان بینیووە". 
ئەوەشی خستەڕوو، لە کاتێکدا ئێستا سۆسیال دیموکراتی سوید دەیەوێت دژی کورد هاریکاری دەوڵەتی تورکیا بکات. 

بۆ ئەوەی متمانە لە حکومەتی سوید بسەندرێتەوە، پێویستی بەدەنگی زۆرینەیە، ئەگەر ئامینەی کاکە باوە دەنگ بەپێشیارەکە بدات، ئەوا زۆرینە دروست دەبێت.

ئامینەی کاکە باوە نوێنەری ناوچەی ستۆکهۆڵمی پایتەختی سویدە، ئێستا وەک نوێنەرێکی بێلایەن کاردەکات، پێشتر نوێنەری حیزبی چەپی سویدی بووە. 

ئامینە کاکە باوە کێیە؟

ـ سیاسەتمەدارێکی کوردی سویدیە و لە ساڵی (٢٠٠٨)دا بووەتە ئەندام پەرلەمانی سوید.

ـ لە ساڵی (١٩٧٠) لە گوندی (تورجان)ی سەر بە شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە.

ـ لە تەمەنی (١٣) ساڵیدا پەیوەندی دەکات بە کۆمەڵەی کوردستانی ئێرانەوە و دەبێتە پێشمەرگە.

ـ لە ساڵی (١٩٩٢) کە تەمەنی دەگاتە (١٩) ساڵ کۆمەڵە بەجێدەهێڵێت و دەچێتە سوید و ساڵانی دواتر دەبێتە پەرلەمانتار.

ـ بەکالریۆسی لە بواری ڕاوێژی کۆمەڵایەتی و بڕوانامەی ماستەری لە زانکۆی ستۆلهۆڵم وەرگرتوە.


AM:09:57:07/06/2022