عادل ئیمام بۆ مردنی سەعید ساڵحی هاوڕێی ئەم كارەی كرد

مردنی ئەكتەری بەناوبانگی كۆمیدی میسری سەعید ساڵح، كاریگەری زۆر لەسەر عادل ئیمام دروست دەكات.
ئیمام بۆ مردنی ساڵح وێنەی پرۆفایلی پەیجەتایبەتەكەی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیس بووك دەگۆڕێت بۆ وێنەیەكی هەردووكیان و دڵتەنگی خۆی بۆ كۆچی ئەو هاوڕێییەی دەردەبڕێت.
چەند كەسێكی نزیك لەو هونەرمەندە ئاماژە بەوە دەكەن كە ئیمام لەگەڵ زانینی هەواڵی كۆچی دوایی سەعید ساڵح بۆ ماوەیەكی زۆر گریاوە و خەم دایگرتووە و بڕیاریداوە بۆ پرسەكەی بگەڕێتەوە قاهیرە.
چەند ڕۆژێك بەرلەئێستاش كاتێك ساڵح بەهۆی تێكچونی باری تەندروستییەوە ڕەوانەی نەخۆشخانە دەكرێت، عادل ئیمام دەستدەكات بە گریان و بۆ ماوەی 4 كاتژمێر وێنەگرتن لە كارەنوێكەیدا ڕادەگرێت.
عادل ئیمام و سەعید ساڵح هاوڕێیەتییەكی دێرینیان هەیە و لە چەندین كاری سینەمایی و شانۆیدا پێكەوە ڕۆڵیان بینیوە، كە بەناوبانگترینیان فیلمەكانی (سلام یا صاحبی، الهلفوت، علی باب الوزیر) و چەندین فیلمی دیكە،  هەروەها بەناوبانگترین كارە شانۆییەكانیشیان (العیال كبرت) هەروەها (مدرسە المشاغبین) كە بۆ ماوەی شەش ساڵ لە نمایشكردن بەردەوام بوو.
 ڕۆژی 2/8 ئەكتەری بەناوبانگی میسری سەعید ساڵح دوای بەشداری كردن لە 500 فیلم 300 كاری شانۆی لە تەمەنی 76 ساڵیدا كۆچی دوای كرد.



PM:02:39:02/08/2014