ژمارەیەک رۆژنامه‌نووس له‌ ئامه‌دی باكوری كوردستان ده‌ستگیركران

هەفتەی ڕابردوو پۆلیسى توركیا له‌ ئۆپه‌راسیۆنێكدا له‌ ئامه‌دی باکوری کوردستان زیاتر لە (٢٠) رۆژنامه‌نوسی ده‌ستگیركرد. 

بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی (زەمەن، تورکیا)، لە زنجیرەیەک هەڵکوتانە سەر پارێزگای دیاربەکر کە زۆرینە کوردن، لە باشووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتی تورکیا، هێزە ئەمنییەکانی ئەنقەرە (٢١) ڕۆژنامەنووسی کوردی دەستگیر کرد. 

بەپێی هەواڵەکە، ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو پۆلیسی تورکیا کاتژمێر (٤:٣٠) خولەک هەڵیانکوتایە سەر ئۆفیسەکانی دەزگای ژنان، ژن نیوز، دەستیان بەسەر کۆمپیوتەر و گۆڤار و کتێبدا گرت، هەروەها دەستیان بەسەر نوسخە چاپکراوەکانی ڕۆژنامەی یەنی یاشام و گۆڤاری جینۆلۆجیدا گرتووە.
لای خۆشیەوە لقی رۆژنامەوانی فیدراسیۆنی سەندیكا پێشكەوتنخوازەكان لە راگەیەندراوێكدا باسیان لەوەکرد، ئێمە ئەم پرۆسانە بە ئاسایی نابینین و قبوڵیان ناكەین، ئێمە لەگەڵ هاوڕێ ڕۆژنامەنووسەکانمان دەوەستین و دەڵێین ڕۆژنامەگەری تاوان نییە. 

ژمارەی ئەو رۆژنامەنووسە دەستگیرکراون، بریتین لە (عەزیز ئۆروچ، ئێلیف ئەنگۆر، ئەسمەر تۆنگ، ڤیناز كوچوك، گوڵچین كوچوك، ئیبراهیم كۆیونجو، قادر بایرام) و چەندانی تر.

تورکیا لە کۆی (١٨٠) وڵات لە پلەی (١٥٣) دایە لە پێوەرەکانی ئازادی ڕۆژنامەگەری جیهانی لە ساڵی (٢٠٢١)، کە لە لایەن پەیامنێرانی بێ سنوورەوە دەرچووە.

زەمەن

AM:11:01:11/06/2022