لە هەرێم شەش رێكار بۆ رێگریكردن لە پەتای خوێنبەربوون گیرایەبەر


وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی هەرێم چەند رێكارێكی بۆ ڕێگریكردن لە تای خوێنبەربوون بڵاوكردەوە  كە یەكێكیان "ئەو ئاژەڵانەی دەهێنرێنە هەرێم، بۆ دڵنیابوونەوە لە سەلامەتییان كەرەنتینە دەكرێن".   

وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە، لە پێناو ڕێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی كوردستان كە ئێستا لە هەندێك لە پارێزگاكانی عێراقدا بڵاوبۆتەوە، بڕیاردراوە چەند ڕێكارێك بگیرێتەبەر كە ئەمانەن:   

یەكەم: پێویستە سەربڕین لە سەربڕخانە فەرمییەكان بێت و بەپشكنین و مۆری فەرمیی ڤێتێرنەری بچێتە بازاڕ و سەربڕین لە سەر ڕێگەكان و لاكۆڵانەكان قەدەغەبكرێن.  

 دووەم: پشكنینی ئاژەڵەكان پێش سەربڕین و دوای سەربڕین بەمەبەستی دڵینابوون لەتەندروستیی ئاژەڵەكە ئەنجامبدرێت.  

سێیەم: پێویستە ڕێكارە تەندروستییەكان بۆ پۆشینی جلوبەرگی تایبەتمەند و كەلوپەلی سەربڕین لەسەربڕخانەكاندا ڕەچاوبكرێت.  

چوارەم: كەرەنتینەكانی ئاژەڵی لە دەروازە و فڕۆكەخانەكاندا و پێویستە پشكنینی وورد بۆ ئەو ئاژەڵانە بكەن كە دەهێندرێنە هەرێمی كوردستان بۆ مەبەستی دڵنیابوون لە تەندروستیی ئاژەڵەكان.  

پێنجەم: وەزارەتی كشتوكاڵ ڕێكاری پێویست دەگرێتەبەر بۆ مەبەستی دابینكردنی دەرمانی شووشتنی ئاژەڵ بۆ لەناوبردنی مشەخۆری دەرەكی (قڕنە) كە هۆكاری سەرەكیی گواستنەوەی تای خوێنبەربوونە لە نێوان ئاژەڵەكان و ئەم هەلمَەتە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان ئەنجامدەدرێت.  

شەشەم: كۆنتڕۆڵكردنی دیاردەی هێنانی ئاژەڵ بەشێوەی نافەرمی لە سنوورەكانی دەرەوە و نێوان هەرێم و عێراقی فیدراڵ، هەروەها ڕێگەگرتن لە هێنانی ئاژەڵ لەو پارێزگایانەی كە نەخۆشی تای خوێنبەربوونی تێدا بڵاوبووەتەوە.  



PM:11:33:11/06/2022