فوئاد حسێن: سەرمان سوڕماوە کە ئێران لە وەڵامی ئیسرائیلدا ناوچەی هەرێمی هەڵبژاردووە

وەزیری دەرەوەی عێراق رایدەگەیەنێت" تووشی سەرسوڕمان بووین کە ئێران بۆ وەڵامدانەوەی ئیسرائیل، ھەرێمی کوردستانی ھەڵبژاردووە". 

فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لەبارەی هێرشەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر بە میدیاکانی عێراقی ڕاگەیاند" ئەگەر ئێران بەڵگەیەکی لەسەر بوونی هێزەکانی ئیسرائیل لەو ناوچەیە هەبێت، پێویستە بیخاتە بەردەستی بەغداد". 

وتیشی" بەغداد هیچ بەڵگەیەکی نەدۆزیوەتەوە کە ئەو ئامانجە لەلایەن موسادەوە بەکارهێنرابێت". 

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو بانگەشەی ئێران كە پێش دەستپێكردنی هێرشە مووشەكییەكە راپۆرتێكی لەبارەی بوونی هێزەكانی ئیسرائیلەوە بۆ دەزگای هەواڵگری عێراق ناردووە، هەڵبەستراوە و بەغداش هیچ كەیسێكی دیاریكراوی نییە، ئەو زەمینەیەی پێنەگەیشتووە. 

وەزیری دەرەوەی عێراق لە بەشێکی تری لێدوانەکەیدا جەختیشکردەوە، هەولێر بەشێکە لە عێراق، سەرمان سوڕماوە کە تاران لە وەڵامی ئیسرائیلدا ناوچەی هەرێمی کوردستان هەڵبژاردووە.

ڕۆژی ١٣ی ئازاری ئەمساڵ بە مووشەک هێرش کرایە سەر شاری هەولێر، کە سوپای پاسدارانی ئێران بە ئاشکرا بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕاگەیاند. 


PM:02:40:12/06/2022