بە هۆکاری بڵاوبوونەوەی پەتای سکچوون و ڕشانەوە نۆ سەر چاوەی ئاوی داخران

 قایمقامیەتى سلێمانى داخستنى نۆ سەرچاوەى دابینکردنى ئاوى راگەیاند، کە گومان دەکرێت سەرچاوەی بڵاوبوونەوەى پەتای سکچون و رشانەوە بن

ئەمڕۆ ١٦ی حوزەیران، پێنج شەممە، بەپێی راگەیەنراوێکى قایمقامیەت، لەسەر داوای بەرێوبەرایەتی تەندروستی سلێمانی و بە فەرمانی قائیمقامی سلێمانی لیژنە هاوبەشەکان ٩ شەمعەی ئاوی داخست کە لەرێگەی تەنکەرەوە ئاوی ئەو شەمعانە دەفرۆشران بە ماڵان بۆ خواردنەوە

نوێنەری تەندروستی لە لیژنەی باڵای لیژنە هاوبەشەکان ئاماژەی بەوە کرد کە دوای زۆربوونی حاڵەتەکانی سکچون و رشانەوە لەنێو هاوڵاتیاندا، پشکنین بۆ ئاوی هەموو شەمعەکانی ناوشاری سلێمانی کراوە، دەرکەوتووە ئاوی نۆ لە شەمعەکان شیاو نین بۆ خواردنەوەو سەرچاوەی چەند جۆرێک بەکتریان

باسی لەوەش کرد هەربۆیە بە فەرمانی قائیمقامی سلێمانی و لەسەر داوای بەرێوبەرایەتی تەندروستی سلێمانی سەرجەمی ئەو نۆ شەمعەی ئاوە لە ناوچەی تانجەرۆ داخران و رێگە نادرێت ئاوەکەی بە ماڵان بفرۆشرێت. 



PM:04:17:16/06/2022