وەزارەتی دەرەوەی عێراق: ئیدانەی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر قەزای شەنگال دەکەین

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەسەر بۆردوومانەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر قەزای شەنگال ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" ڕێشوێنی پێویست دەگرینەبەر دژ بە هێرشەكانی توركیا". 

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە  راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" ئیدانه‌ی بۆردومانی توركیا بۆ سه‌ر باره‌گا حكومییه‌كان و ماڵی هاوڵاتیان له‌ سنوری ناحیه‌ی سنونێی سه‌ر به‌ قه‌زای شنگال ده‌كەین، ئه‌وە پێشێلكارییه‌كی ئاشكرای سه‌روه‌ری عێراق و هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی رونی ئه‌منییه‌ بۆ سه‌ر ژیانی هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی".

ئەوەشی خستەڕوو، هێرشەکان ئاسایشی عێراق و سەقامگیری خەڵکەکەی كردووەتە ئامانج و پێویستمان بە هەڵوێستێكی یەكگرتووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم هێرشانە هەیە و ڕێوشوێنی پێویست دەگرینە بەر دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوە پێویستەکان.

ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو دەوڵەتی توركیا بە فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان ئەنجومەنی گەلی سنونێ و چەند دوكانێكی نزیك شوێنەكەی بۆردوومان كرد، کە بەوهۆیەوە منداڵێكی تەمەن (١٢) گیان لەدەستدا و چەند كەسێکی تریش برینداربوون.


PM:04:18:17/06/2022