قوباد تاڵەبانی بەبێ ناو ‌هێنانی تورکیا هێرشەکانی سەر هەرێم مەحکوم دەکات

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، " پێویستە حکومەتی فیدراڵی هەڵوێستی جددی هەبێت و لە رێگەی گفتوگۆوە سنوورێک بۆ هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان دابنێت"، ئەوە لە کاتێکدایە کە ناوبراو لە راگەیاندنەکەیدا ناوی هێرشبەرە میلیشیا شیعەکان و، تورکیا و، ئێرانی نەبردووە کە دوو ساڵیشە مانگانە چەندان هێرشدەکەنە سەر پایتەخت و ناوچەکانی تری هەرێم.

 

ئەمڕۆ هەینی ١٧ی حوزەیران،  قوباد تاڵەبانی لە پەیامێکیدا سەبارەت بە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان، کە بووەتە هۆی شەهیدبوون و برینداربوونی هاوڵاتییانی مەدەنی هەرێمەکە رایگەیاند " وێڕای ناڕەزایەتی دەربڕین و ئیدانەکردنی ئەو کردەوانە لە هەر وڵات و لایەنێکەوە بێت، هێشتا هەر دەستدەرێژیکردنەسەر و بەزاندنی سەروەری خاکی هەڕێمی کوردستان بەردەوامە و عێراق لە زیادبوونێکی مەترسیدایە".

 

وتیشی " چیتر تەنیا بە لێدوان و بەیاننامە ناڕەزایەتی دەرببڕین و چاوەڕوانی هێرشێکی تر بین، بەڵکو پێویستە حکومەتی فیدڕاڵی عێراق رۆڵ و هەڵوێستی جدی هەبێت و لە رێگەی گفتوگۆوە سنوورێک بۆ بەزاندنی سەروەریی خاک و وڵاتمان دابنێت".


قوباد تاڵەبانی باسی ئەوەشیکرد،  داوا لە وڵاتانی دراوسێ و دۆستەکانیمان دەکەین رێز لە تایبەتمەندیی ھەرێمی كوردستان بگرن و سەلامەتی گیانی دانیشتوانەکەی لەوە زیاتر نەخەنە مەترسییەوە.

 

ئەمەش لەکاتێکدایە، بەیانی ئەمڕۆ سوپای تورکیا لە رێگەی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانەوە ئۆتۆمبیلێکی لە قەزای کەلار کردە ئامانج، کە بووە هۆی کوژرانی چوار لە سەرنشیانی ئۆتۆمبێلەکە و بریندابوونی یەکێکی دیکەش.

 



PM:10:21:17/06/2022