لەگەڵ دابەزینی رۆژانەی نرخی لیرەی تورکی و قوڵبوونەوەی قەیرانە دارایی و ئابوریەکانی تورکیا، سەرکردەیەکی ئۆپۆزسیۆن رایدەگەیەنێت: حکومەتی تورکیا لە کەناری نابووتبووندایە.
ئەمڕۆ هەینی لیرەی تورکی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزینی بەخۆیەوە بینی و، هەر ١٧.٤٠ لیرە بەرامبەر ١ دۆلار دەفرۆشرا.
ئەوە لە کاتێکدایە کە نرخی شت و مەک و کاڵا پێویستەکانی وەک خۆراک بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبۆتەوە.
عەلی باباجان سەرۆک وەزیرانی پێشووتری تورکیا و یەکێک لە سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆن، رایگەیاند" تورکیا لەسەر کەناری نابووت بوونە".
لە میانەی هەڵسەنگاندنی هەفتانەی کارو چالاکییەکانی حکومەت، عەلی باباجان لە بارەگای حیزبەکەی، پێشکەوتن و دیموکراسی رایگەیاند" ئەمڕۆ لێرەوە من دەڵێم دەوڵەتەکەمان لە کەناری کەوتنە گێژاو ئیفلاسبووندایە، داوا لە حکومەت دەکەم ئەرکی سەرشانی خۆی بەپەلە جێبەجێبکات".
وتیشی " من دەترسم لە ئیفلاسبوون، دۆخەکە گەیشتۆتە ئاستێک کە هاوشێوەی نەبووە، ئێمە گرفتی مانەوەی ئابوری و داراییمان هەیە".
وتیشی " تورکیا پارەدانی قەرزەکانی ٥ ساڵە دواکەوتووە، گەیشتۆتە ٨٣٦ خاڵ، کە ئەمەش مەترسی لەسەر ئیفلاسکردنی دەوڵەت دروستدەکات".