تەندروستی هەرێم: تووشبووانی كۆلێرا لە هەولێر و سلێمانی دەستنیشانكراون

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە وەزارەتی تەندروستی هەرێم لەبارەی زیادبوونی ژمارەی تووشبووانی نەخۆشی کۆلێرا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" ژمارەیەک لە تووشبووانی كۆلێرا لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەولێر دەستنیشانكراون". 
 
وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بڵاوکراوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە" لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما و سروشتی نەخۆشیەكانی سكچوون و دوابەدوای چالاككردنەوەی بەرنامەی پەتازانی و دۆزینەوەی حاڵەتەكان بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ كۆنتڕۆڵكردنی نەخۆشیەكانی سكچوونی توند لەلایەن دامودەزگاكانی تەندروستی لە شوێنە جیاوازەکانی هەرێمی كوردستان بەپێی بەرنامە و پلانی دارێژڕاو". 
 
ئەوەشی خستەڕوو، ژمارە و ڕێژەی تووشبوون بە نەخۆشیەكانی سكچوونی توند زیادیكردووە و تیمەكانی پەتازانی بەپێی ستانداردی پەتازانی ڕێژەی پشكنین بۆ دۆزینەوەی حاڵەتەكانی كۆلێرا ئەنجامدراوە، بەمەش ژمارەیەك لە حاڵەتەكانی كۆلێرا لە تەمەنە جیاوازەكان لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەولێر دەستنیشانكراون دوای پشتڕاستكردنەوەی تاقیگەیی، بۆ ئەم مەبەستە وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕێكاری زیاتر و توندتری لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەكانی كشتوكاڵ و شارەوانی و ناوخۆ و پارێزگا و ئیدارەسەربەخۆكان گرتۆتەبەر بەهەماهەنگی لەگەڵ ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی WHO و تەندروستی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان لەبواری خۆپارێزی و چارەسەری و دابینكردنی پێداویستی پزیشكی.
 
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا تەندروستی هەرێم داوا لە هاوڵاتیان دەکات، پابەندی ڕێنماییەكانی پاكوخاوێنی كەسی و دڵنیابوونەوە لە ئاوی پاكی خواردنەوە و خۆراك بن و لەكاتی دەركەوتنی نیشانەكانی سكچوون بەزووترین كات پەیوەندی بە دەزگاكانی تەندروستی بكەن لەپێناو ڕێگریكردن لە ئاڵۆزکانیەكان و سەلامەتیان. 


PM:05:40:19/06/2022