لێدوانێك لە كونسوڵی هیندستان سەبارەت بە پێدانی فیزە بە هاوڵاتیانی هەرێم


كونسوڵی وڵاتی هیندستان لە هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت "ئێمە هەموو جۆرەكانی ڤیزەی هیندستان بە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەدەین، پەیوەندییەكی پتەو لە نێوان گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان و وڵاتەكەمان دروست دەكەین".

بەپێی راگەیەنراوی دەستەی گەشت و گوزار، ئەمەل جەلال، سەرۆكی دەستەی گشتی گەشتوگوزار لەگەڵ كونسوڵی  گشتی وڵاتی هیندستان كۆبۆوە و ئەمەل جەلال رایگەیاند، "هیندستان و كوردستان زۆر خاڵی هاوبەشی گەشتیاری كۆیان دەكاتەوە، بەتایبەت لە ڕوی گەشتیاری چارەسەری، گەشتیاری بازرگانی و كلتور و ئاین و شوێنەوار، پێویستە لە هەرێمی كوردستان زیاتر گرنگی بەم بوارانە بدرێت و بە سود وەرگرتن لە ئەزمونی وڵاتان بەرەوپێشەوەی بەرین".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "لەڕوی بەبازاركردن و سەرچاوە مرۆییەكان بۆ بەرزكردنەوەی توانا و شارەزایی، پێویستیمان بە خولی ڕاهێنان هەیە، دەتوانین لە نێوان هەردولادا كاری هاوبەشی هونەری بەرهەمبهێنین".

سوبهاش كاین، كونسوڵی گشتی وڵاتی هیندستان لە شاری هەولێر رایگەیاند  "كوردستان هەرێمێكی زۆر جوانە، جێگایەكی ئارامە و كلتورێكی زۆر جوان و خەڵكێكی زۆر باشی هەیە، پێویستە لە وڵاتانی دەرەوەی كوردستان كار لەسەر بڵاوكردنەوەی ناوی كوردستان بكرێت".


كاین وتی "ئێمە هەمو جۆرەكانی ڤیزەی هیندستان بە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەدەین، لە وڵاتی هیندستان گەشتوگوزار بە وەزارەتێك شوێنی بۆكراوەتەوە، پەیوەندییەكی پتەو لە نێوان گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان و هیندستان دروستدەكەین، دەتوانین لە بوارە جیاوازەكان بەشداریتان لە خولەكاندا پێدەكەین".



PM:10:32:20/06/2022