کەسایەتییەکی ئێزیدی: ١٠٠ هەزار ئاوارە بەشاخێکی وشک‌و بێ ئاوەوەن

‌فۆتع:nrt
کەسایەتی رۆشنبیرو ناسراوی ئێزیدییەکان، خدر دۆملی رایگەیاند" ١٠٠ هەزار کەس لە ژن و منداڵ و خەڵکی بەتەمەنی شنگال رایانکردووە بۆ سەر چیای شەنگال کە چیایەکی وشکو بێ ئاو بێ دارستانە".
دۆملی کە پسپۆریشە لە کاروباری کەمایەتیەکان لە عێراق، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ سپی میدیا رایگەیاند" ژیان ئەو ١٠٠ هەزار هاوڵاتییەی ئێزیدی لە مەترسیدایە، چونکە خەڵکانێکی مەدەنین و هیچیان پێداویستیەکی ژیانیان لا نییەو ئەو شاخەش ژیانی تێدا نییە، ئەمە جگە لەوەی نێچیرێکی ئاسانن بۆ چەکدارانی داعش".
شاخی شەنگال، شاخێکی بێ ئاوە پانتایەکەی ٣٠ کم چوارگۆشەیەو دابڕاوە لە ئاوەدانی و ئێستا تاقە رێگایەکیان هەبێت بەناو داعشدا دەڕوات.
دۆملی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە لەناو شنگالیشدا داعش پاکتاوکردنی ئەتنی ئەنجام دەدات و  دەستی کردووە بە تاڵانکردنی ماڵ و موڵکی ئێزیدیەکان و دەرکردن و کوشتنیان و روخاندنی شوێنە پیرۆزەکان.
ناوبراو داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکات بە دەنگیانەوە بچن وەک ئەو دەڵێت" ئەوان وەک ئێزیدیەکان هەڕەشەی نەمانیان لەسەرە".
ژمارەی ئێزیدیەکان لە عێراق ٦٠٠ هەزار هاوڵاتییە، ٣٢٠ هەزاری لە قەزای شەنگال نیشتەجێن.   
      



PM:07:35:03/08/2014