هێرۆ ئیبراهیم رێگا لە چاوپێکەوتنێکی مەلا بەختیار دەگرێت لە کوردساتنیوز بڵاوبکرێتەوە

‌فۆتۆ: ئەرشیف
لەسەر داوای خۆیان، کوردساتنیوز کە لەلایەن هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدەوە سەرپەرشتی دەکرێت، چاوپێکەوتنێک لەگەڵ بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی یەکێتی مەلا بەختیاردا دەکات، بەڵام هەرخۆیان پەخشی ناکەوە.
رۆژی ١٠ ی تەموز کەناڵی کوردساتنیوز ریکلامی بۆ چاوپێکەوتنێکی مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەکات، بەڵام لەو دەمەدا بەبێ زانینی هۆکەی بڵاونەکرایەوە، پاش ٢٥ رۆژ لە ماڵپەری چاودێر کە ناوبراو خۆی خاوەن ئیمتیازیەتی بڵاوکرایەوە.
مەلا بەختیار لەسەر بڵاونەکردنەوەی چاوپێکەوتنەکە لە چاودێر نیوز دەڵێت" ئەم چاوپێكەوتنە لەسەر داخوازیی كوردسات نیوز، رۆژی 2014/7/9  ئەنجامدراوە، وەكو هەمیشە لەسەر تەواوی تەوەرو جومگەكان بەڕاشكاوی قسەی خۆم كرد، بەڵام وادیارە ئەم جۆرە وەڵامە راشكاوانە، لەگەڵ سیاسەتی ئێستای كوردسات نیوز ناگونجێ‌. بۆیە پەخشیان نەكرد.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی میدیای راگەیاند کە بڵاونەکردنەوەی ئەم چاوپێکەوتنە پەیوەندی بە هەڵوێستی ناوبراوەوە هەیە کە پشتگیری لە د. بەرهەم ساڵح دەکرد لەپرسی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماردا.
لە پرسیارێکی چاوپێکەوتنەکە لەسەر پێكهێنانی حكومەتی تازەی عێراق، کە باس لەوەدەكرێت، كە یەكێتیی لەمالكی-یەوە نزیكە!بێژەرەکە دەپرسێت: ئێوە داكۆكی لەوە دەكەن كە جارێكی تر مالکی بۆ ویلایەتی سێهەم كاندید بكرێتەوە؟ مەلا بەختیار لەوەڵامەکەیدا دەڵیت " بۆ مالكی چەند فرقەی سەربازی بۆ دروست كردوین؟! چەند پارەی داوە بەیەكێتی؟! كە ئێستا موچەی كوردستانی بڕیوە. مالكی چەند تەنكەر بەنزینی بۆ سلێمانی یان خانەقین، یان بۆ گەرمیان‌و كەركوك ناردوە. مالكی لەكوێ‌ كارئاسانییەكی بۆ یەكێتی كردوە هەتا ئەمە رەنگدانەوەی پەیوەندییەكی نهێنی نێوان یەكێتی‌و مالكی بێ‌! هەندێك كەس دەچنە لای مالكی قسە دەكەن، كە قسەی گیرفانی خۆیانە. یەكێتیی یەكڕیزی كوردایەتی، گوتاری یەكگرتوی كوردایەتی بەهیچ شێوەیەك بۆ هیچ مەسەلەیەك ئێستا لێپرسراوێتی تێكدانی هەڵناگرین. لەبەر ئەوە یەكێتی نە لەمالكی نزیكین لەسەر حسابی هیچ لایەكی تر، نە لەسوننە نزیكین لەسەر حسابی شیعە، نە لەشیعەش نزیكین لەسەر حسابی سوننە".
ئەو سەرچێ‌وەیە باس لەوە دەکەن کە ئەم وەڵامەی مەلا بەختیار ئەو کوتلەیەی د. نەجمەدین و هاوڕیکانی قەڵس کردووەو رەنگە ئەمەش یەکێک بێت لە هۆکاری دانەبەزاندنی ئەو چاوپێکەوتنە.



PM:02:35:04/08/2014