كۆمسیۆنی هەڵبژاردن: زەحمەتە لە ١ ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ هەڵبژاردن بكرێت


كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، ڕۆژ بەڕۆژ دەرفەت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ١ی ١٠ی ئەمساڵ زۆر قورس و زەحمەت دەبێت، بودجەی خەمڵێندراویش بۆ پرۆسەكە ٢٥ ملیۆن دۆلارە.

هەندرێن محەمەد، سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی هەرێم بە دەنگی ئەمریكای راگەیاندووە "هەموو لایەك و حیزبەكانیش ئەوە دەزانن كە یەكێك لەكارەكان بۆ ئەوەی ئەو هەڵبژاردنە بكرێت هەبونی دەسەڵاتی هەڵبژاردنە، كە لە هەرێمی كوردستان پێی دەوترێت كۆمیسیۆن، بەداخەوە هەتا ئێستا دەسەڵاتی ئەو كۆمیسیۆنە بەیاسا ڕێكنەخراوە و چارەسەر نەكراوە، بۆیە بەڕاستی ئەوە كاریگەری لەسەر ئەو وادەیە دەكات كە بۆ هەڵبژاردن دانراوە بەتایبەتیش ئێمە چەند مانگێكمان ماوە لەبەردەم هەڵبژاردن من دەڵێم هەمیشە پێش ئەنجومەنی نوێ ناكەوم، چونكە لەوانەیە خەڵكی نوێ بێت و تەكنیك و ڕێكار و پلانی نوێیان هەبێت، بەڵام بەداخەوە ئێستا دەتوانم بڵێم كە ڕۆژ بەڕۆژ دەرفەت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ١-١٠ زۆر قورس و زەحمەت دەبێت".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "نزیكەی كەمتر لە چوار مانگ ماوە كاتێكی زۆر كەمە، بۆیە زەحمەتە لە ١-١٠ ئەو هەڵبژاردنە بكرێت، چونكە خشتەی ئامادەكاری و خشتەی كردارەكانی كۆمیسیۆن خشتەیەكی قەرەباڵغە و سەدان Item-بڕگەی تێدایە و ئەوانە پێویستی بە ماوەیە، ئێمە هەر لەسەرەتای دەرچونی مەرسومی سەرۆكایەتی هەرێم بۆ دیاریكردنی ڕۆژی هەڵبژاردن پەرلەمانمان لێ ئاگاداركردەوە كە ئەو مەرسومە هاتوە تكایە كار لەسەر كۆمیسیۆن بكەن بۆئەوەی هەڵبژاردنەكان لەكاتی خۆیدا بكرێت".

هەندرێن محەمەد وتویەتی "هەموو ئیشەكانی كۆمیسیۆن بەپارە دەكرێن، خۆشبەختانە سەرۆكی حكومەت نوسراوێكی بۆ كردوین ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ پێدانی بودجه،‌ بەڵام ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ دوای ئەوەی ئەو ئەنجومەنە نوێ دەكرێتەوە و ئەنجومەنێكی نوێ دێت، ئەوان ئەو بودجەیەی كە پێویستە بۆ هەڵبژاردن دیاری دەكەن ئەگەر بگەڕێنەوە سەر هەڵبژاردنەكانی تر بە تەقدیر نزیكەی ٢٥ ملیۆن دۆلار وەك بودجەی خەمڵێنراو پێویستە بۆ بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، هەرچەندە لەوانە نییە هەموی خەرج بكرێت، چونكە پشت دەبەستێت بەوەی ئایا تەكنەلۆجیای نوێ بەكاردێت و ئامێری نوێ دەكڕدرێت؟ گرنگ ئەوەیە نزیكەی هەتا ٢٥ ملیۆن دۆلار دەبێت بەگەڕانەوەی بۆسەر ئەو هەڵبژاردنانەی پێشوتر كراوە".



PM:12:07:28/06/2022