کازمی: پەلە بکرێت لە پێكهێنانی حكومەتێك كە ئەركی خۆی بەجێ بگەیەنێت

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٨ی حوزەیران ئەنجومەنی وەزیران بە سەرپەرشتی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبۆوە، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر کارکردن بۆ جێبەجێکردنى یاسای ئاسایشى خۆراک کرایەوە. 

فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" مستەفا کازمی لە کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیراندا جەختیکردووەتەوە لەسەر کارکردن بۆ جێبەجێکردنى یاسای ئاسایشى خۆراک، یاساكە بودجە نییە، ئێمە بە بارودۆخێکی نائاساییدا تێدەپەڕین".  
  
دووپاتیشیکردەوە، ئەوان پێویستیان بە هەموو لایەنە سیاسییەکان هەیە، کە هاوکارییان بکەن بۆ جێبەجێکردنی یاسای ئاسایشی خۆراک.

وتیشی" گرنگە پەلە بکرێت لە پێكهێنانی حكومەتێك كە ئەركی خۆی بەجێ بگەیەنێت".

ئاشكراشیكرد، ئەنجومەنی وەزیران زیاتر لە (١٦٩) ملیار دیناری بۆ دامەزراندنی كەسانی پسپۆڕی تەندروستی تەرخانكردووە.

ئەوەش هاتووە"  ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا كە دەرچووە یەكەمەكان و هەڵگرانی بڕوانامەی خوێندنی باڵا دابمەزرێنێت". 


PM:07:56:28/06/2022