لە گەرمیان هاوڵاتییەک بەهۆی تەقینەوەی مین گیانی لەدەستدا

پۆلیسی گەرمیان رایدەگەیەنێت" گەنجێکی تەمەن (١٧) ساڵ لە ناحیەی قۆرەتوو بەهۆی تەقینەوەی مین گیانی لەدەستدا".

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئیدارەی گەرمیان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە" لە گوندی عەلی میر سەر بە ناحییەی قۆرەتوو تەرمی هاوڵاتییەک بەناوی (عەبدوڵا هاشم محەمەد) لە دایکبووی ساڵی (٢٠٠٥) هێنرایە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار".

ئەوەش هاتووە" بەوتەی کەسوکاری ناوبراو لە نەتەوەی عەرەبە و لەلای مەڕو ماڵات بووە، لەوکاتەشدا دەستکاری مینی کردوە و پێیدا تەقیوەتەوە و بەوهۆیەش گیانی لەدەستداوە، دواتر بەمەبەستی توێکاری تەرمەکەی ڕەوانەی پزیشکی دادوەری قەزای کەلار کراوە". 

لە بەشێکی تری بڵاوکراوەکەدا پۆلیسی گەرمیان ئەوەشی خستوەتەڕوو، بەپێی ئەوەی ئەو گوندە سەر سنوری هەرێمی کورستانە گومان دەکرێت ئەو مینە کۆن بێ و بۆ سەردەمی ڕژمی بەعس بگەڕێتەوە، بۆیە پۆلیسی ناحیەی قۆرەتوو چونەتە شوێنی ڕوداوەکە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردوە لەسەر چۆنێتی ڕوداوەکە.


AM:12:15:29/06/2022