داوای هاوكاری بەپەلەی نەتەوە یەكگرتوەكان دەكرێت

پاش هێرشی چەكدارانی داعش بۆ سەر قەزای شەنگال ‌و ئاوارەبوونی کوردانی ئێزیدی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لە راگەیەنراوێكدا داوای هاوكاری بەپەلەی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوكان‌و رای گشتی جیهان دەكات.


دەقی راگەیەنراوەكە:
 
راگەیاندراوێکی بەپەلە لە پەرلەمانی کوردستان بۆ
-    رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان
-    رێکخراوە نێودەوڵەتیە مرۆییەکان
-    رای گشتی جیهانی
   دوابەدوای هێرشی گروپە توندڕەوەکان بۆ سەر قەزای شەنگال و دەوروبەری لە رۆژی ٢/8/2014  ، کوردانی ئێزیدی لەو ناوچەیە رووبەڕوی شاڵاوێکی تیرۆرستی بەرفراوان بونەتەوە و بە دۆخێکی ئێجگار مەترسیدار تێدەپەڕن، هەزاران ژن و منداڵ و پیر لە چیای شەنگال بە بێ خواردن و ئاو ماونەتەوە و لەلایەن هێزە تیرۆرستیەکانەوە گەمارۆ دراون و هەزارانیشیان ئاوارەی شار و شارۆچکەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بوون.
   
لەم ناوچانە تاوانەکانی کوشتنی بەکۆمەڵ و دەستدرێژی و بە زۆر گۆڕینی ئایین و تەقاندنەوەی پەرستگاکان ئەنجام دەدرێت. ئەوەی لە شەنگال روودەدات بە پێی هەموو پێوەرە نێودەوڵەتیەکان کارەساتێکی مرۆییە و پێویستی بە دەستێوەردانی بەپەلەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیە. هەر خەمساردی و دوا کەوتنێک لە بەهاناوە هاتنی خەڵکی سیڤیلی ئەم دەڤەرە گیانی هەزاران مرۆڤ دەخاتە مەترسی. بۆیە داوای هاوکاری بەپەلەی دەوڵەتان و رێکخراوە خێرخوازیە نێودەوڵەتیەکان دەکەین بۆ بەدەمەوەهاتنی بەپەلەی ئاوارەکان و دانیشتوانی ناوچەی شەنگال.


سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان
 4/8/2014



PM:04:24:04/08/2014