هەدەپە پێنجەم کۆنگرەی ئاسایی خۆی لە ئەنقەرە دەبەستێت

ئەمرۆ یەکشەممە ٣ی تەموزی ٢٠٢٢ لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا بە ئامادەبوونی (٥٠) هەزار کەس و زیاتر لە سەد شاندی نێودەوڵەتی هەدەپە كۆنگرەی پێنجەمی خۆی دەستپێکرد.

پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە لە پێنجەمین کۆنگرەی پارتەکەیدا وتەیەکی پێشکەش کرد و رایگەیاند" بە فراوانکردنی تێکۆشانی ژنان رۆژ بە رۆژ رێگەیان بۆ نوێنەرایەتیەکی یەکسان لەنێو سیاسەتدا کردووەتەوە و وەک پارتێکی ئۆپۆزسیۆنی ژنان، ژن بووەتە هێزێکی بنەڕەتی سیاسەتی دیموکراتی و بەم شێوەیە هێزی گۆڕانکاری و چارەسەری هەدەپەیە". 

وتیشی" لەگەڵ هاوپەیمانی دیموکراسی و یەکێتی لەگەڵ پارتە کوردستانیەکان هیواکان زیادیان کردووە، بۆیەش پێویستە گۆمانی هیچ کەسێک نەبێت کە هەدەپە دەتوانێت رۆڵی چارەسەری لە سیاسەتی دیموکراتدا ببینێت و بەهێزی بکات و هەدەپە بەڵێنی سەرکەوتنی دیموکراسی گەلانی سەردەم دەدات". 

بوڵدان باسی لەوەشکرد، هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت، بەڵام هەڵبژاردنەکە، هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیر بە تەنها نییە، هەڵبژاردنی گۆڕینی سیستم و دروستکردنی سیستمێکی نوێی یەکسانی دیموکراتە و هەدەپەش ئەنجامەکانی هەڵبژاردن یەکلاییدەکاتەوە.

بەوتەی بەرپرسانی ھەدەپە كۆنگرەی پێنجەمی حزبەكە، لە ژێر دروشمی (ئێمە چارەسەرین) بە بەشداریی (٥٠) هەزار ئەندام و لایەنگری هەدەپە بەڕێوەدەچێت، هاوکات هەزار و ٥٠ کەس ئەندامی کۆنگرەن.

لە کۆنگرەکەدا ئەندامانی سەرکردایەتی، ئەنجوومەنی حزب (مەکتەبی سیاسی) و هاوسەرۆکان هەڵدەبژێردرێن، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی هەدەپە، لە هەر کۆنگرەیەکدا بەپێی پێوەرێکی دیاریکراو، (٥٠%)ی ئەندامانی سەرکردایەتی دەگۆڕدرێن و کەسانی نوێ هەڵدەبژێردرێن.

پارتی ديموکراتی گەلان (هەدەپە) لە ١٥ی ١٠ی ٢٠١٢ دامەزراوە، بە پارتێکی فەرمی تورکیا خۆی ناساندووە، سێیەمین فراکسیۆنی گەورەی پەرلەمانی تورکیایە و پارتێکی چەپی سۆسیال دیموکراتە.


PM:04:16:03/07/2022