كورد لە دادگای كەركوك هیچ پۆستێكی بەدەستەوە نەما


دواین پۆستی كورد لەدادگای كەركوك درایە عەرەبێك، بۆیە ئێستا لە كۆی سەرۆك و دوو جێگر و بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆك و دوو بەش و چوار هۆبە، هیچ پۆستێك بەدەست كوردەوە نەماوە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە دادگای كەركوك بە (سپی)ی راگەیاند، ئەمڕۆ 3-7-2022 دواین پۆست جەبار مەحمود، بەرپرسی نوسینگەی سەرۆكی دادگا خانەنشین بوو، لەشوێنەكەی محەمەد كەریم كە توركمانە دانرا، ئەو پۆستەش دواین بەرپرسیارێتی كوردبوو لە دادگاكە كە بەدەست كوردێكەوە بێت، بەڵام ئەوەش لە كورد وەرگیرایەوە.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەكرد، ساڵی رابردووش پۆستی بەرپرسی ژمێریاری دادگای كەركوك كەسێك بوو بەناوی فەریدە جەبار كە كورد بوو خانەنشینكرا، بەڵام لەشوێنەكەی قوسەی جاسم كە عەرەبی خەڵكی ریازە دانرا.

وەك ئەو سەرچاوەیە باسیكرد "لەم بابەتەدا لە كۆی شەش نوێنەری كورد لە كەركوك كەسیان نەهاتونەتە دەنگ، یان رەنگە ئاگادار نەبن، چونكە ئەگەر داواكارییەكەی عەرەب و توركمانیش جێبەجێ بكرێ خۆ دەبێت لانیكەم لەچوار جێگر كە دووانی عەرەب و دووانی توركمان یەكێكیان كورد بێت، یان دەبێت لە دوو پۆستی بەرپرسی بەش و چوار هۆبە دووانی كورد بێت، ئەو پەراوێزخستنەی بەرامبەر كورد كراوە بەرامبەر توركمان یان عەرەب یان تەنانەت كریستیانەكانیش بكرایە ئێستا هەڵوێستی دیكەیان دەبوو".




PM:09:54:03/07/2022