"لە هەولێر ژنە مۆدێلێك كوژرا"


ژنێكی تەمەن ٢٣ ساڵی خەڵكی شاری سەردەشت لە رۆژهەڵاتی كوردستان لە شاری هەولێر بە چەقۆ كوژراوە و هاوسەرەكەشی بە كوشتنی تۆمەتبار دەكرێت.

ماڵپەڕی هەنگاو بڵاویكردەوە "فاتمە زارعی ڕۆژی یەكشەممەی هەفتەی ڕابردوو كوژراوە، دوو ڕۆژ دوای كوژرانەكەی لە شاری قەڵادزێ سەر بە پارێزگای سلێمانی و بەبێ بەشداری بنەماڵەكەی و هەروەها بەبێ ئەوەی ڕێوڕەسمێكی بۆ بگیرێت ئەسپەردە كراوە".  

ماڵپەڕەكە ئاماژەی بەوەكردووە "فاتمە زارعی سێ ساڵ لەمەوبەریش برینداركراوە و دوای ئەوەی لە نەخۆشخانە هاتووەتە دەرەوە، ڕووی لە شاری هەولێر كردووە و لەوێ سەرقاڵی كاری مۆدێلین بووە".  

هەر بەپێی هەواڵی ئەو ماڵپەڕە "مێردی فاتمە تۆمەتبارە بەوەی دوای ئەوەی لە شوێنی نیشتەجێبوونی ژنەكەی ئاگادار بووە چووەتە هەولێر و بە لێدانی چەند چەقۆ لە ملی كوشتوویەتی، دواتریش هەڵهاتووە و هەتا ئێستا دەستگیر نەكراوە".  

بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە لە ماڵپەڕی هەنگاو، لە كاتێكدایە تا ئێستا پۆلیسی هەولێر بە فەرمی هیچ شتێكی لەوبارەوە ڕانەگەیاندووە، ئەوەش لە كاتێكدایە ئەمڕۆ پۆلیسی هەولێر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئامارەكانی شەش مانگی رابردووی ئەمساڵی بڵاوكردەوە بێ ئەوەی باسی ئەو رووداوە بكات.  



PM:11:39:03/07/2022