تەندروستی عێراق: چوار جۆر پەتا بڵاوبووتەوە و چاودێری پێنجەمیش دەكرێت


وەزارەتی تەندروستی عێراق رایدەگەیەنێت، عێراق روبەڕوی چوار جۆر پەتا بوەتەوە و لەئێستاشدا چاودێری پەتای پێنجەم دەكەن كە بە نەخۆشی مەیمون ناودەبرێت.

سەیف بەدر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق، ئەمڕۆ ٤-٧-٢٠٢٢ بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە، وەزارەتەكەیان ڕوبەڕوی چەندین جۆر پەتا بوەتەوە، لەنێویاندا كۆرۆنا هەیە، ئێستاش شەپۆلی پێنجەم بەشێوەیەكی مەترسیدار لە وڵاتانی جیهان روی لە بڵاوبونەوە كردوە و ئەگەرەكانی بڵاوبونەوەشی لە عێراق لەبەرچاو دەگیرێن.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "لە نێو پەتاكاندا تای خوێنبەربون هەیە كە ئەو حاڵەتانەی ئێستا بەو هۆیەوە تۆماركراون لە ساڵانی نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوەوە تا ئێستا وێنەی نەبوە، هەروەها نەخۆشی كۆلێراش بڵاوبوەتەوە كە هەرچەندە نەخۆشییەكە پێشتریش هەبووە، بەڵام ئێستا پەرەسەندنی بەرفراوانی هەیە و حاڵەتەكانی مردن و توشبون لە زیادبوندایە".

بەدر روونیكردۆتەوە "لەئێستاشدا چاودێری پەتای پێنجەم دەكەین كە بە نەخۆشی مەیمون ناودەبرێت، جگە لەوەش نەخۆشی هاری مەترسیدارە و هەرچەندە سنوردارە، بەڵام پێویستی بە پەروەردە و هۆشیاری هەیە".

هەروەها وتویەتی "تائێستا پەتای پێنجەم نەگەیشتوەتە عێراق كە نەخۆشی مەیمونە، بەڵام لە لوبنان دەركەوتوە و نزیكە لە عێراقەوە، وەزارەتی تەندروستیش خۆی بۆ ئەگەری هاتنی ئەو پەتایە بۆ عێراق ئامادە دەكات".



PM:10:41:04/07/2022