پێشمەرگە‌و هەپەگە‌و یەپەگە شانبەشانی یەك لەشەنگال دژی داعش شەڕ دەكەن

نوێنەری تەڤگەری جڤاكی دیموكراتی (تەڤدەم) لەهەرێمی كوردستان ئاشكرایدەكات ژمارەیەك گەریلای هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) لەناوچەی شەنگال شانبەشانی یەپەگە‌و پێشمەرگە شەڕی داعش دەكەن.

دیارقامیشلۆ نوێنەری تەڤگەری جڤاکی دیموکراتی (تەڤدەم) لەھەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی تۆڕی هەواڵی سلێمانی راگەیاند: ژمارەیەک گەریلای ھێزەکانی پاراستنی گەل (ھەپەگە) گەیشتوونەتە شەنگال و دەوروبەری و شانبەشانی یەپەگەو پێشمەرگە لەڕووبەڕووبوونەوەدان.

قامیشلۆ جەختیکردەوە لەوەی، لەکاتی پاکردنەوەی ناحیەی ڕەبیعە لەتیرۆریستانی داعش، ٥ شەڕڤانانی یەپەگە شەھید بوون.
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی دەستکەوتوون، ژمارەیەک لەگەڕەکەکانی قەزای شەنگال لەدەستی ھێزەکانی پێشمەرگەو یەپەگەدان و تائێستاش ڕووبەڕووبوونەوەی توند بەردەوامە، بەڵام وەک ھەڵۆ پێنجوێنی ئاشکرایکرد، پێشمەرگەکانی یەکێتی و یەپەگە پێکەوە چالاکی دەکەن و بەردەوامن لەسەرکەوتنەکانیان.

لەلایەكی ترەوە ھێزەکانی پێشمەرگەی یەکێتی و شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی گەل یەپەگە، ژمارەیەک چەکداری داعش دەستگیردەکەن، کە ھەوڵیانداوە ژنان و کچانی ئێزدی بڕفێنن لەچیای شەنگال.

ھەڵۆ پێنجوێنی لێپرسراوی مەڵبەندی نەینەوای یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئاشکراکرد، پێشمەرگەکانی یەکێتی و شەڕڤانانی یەپەگە پێکەوە ھەڵمەتی ڕاوەدوونانی تیرۆریستانی داعشیان دەستپێکردووە.

ئاشکراشیکرد، کەمێک لەمەوبەر ٤ داعشیان دەستگیرکردووە کە ویستوویانە بچنە چیای شەنگال و ژنان و کچانی ئێزدی بڕفێنن، وتیشی:"بەرلەوەی بگەن بەئامانجەکەیان، لەلایەن ھێزەکانی پێشمەرگەی یەکێتی و یەپەگەوە دەستگیرکراون".



PM:02:24:05/08/2014