پەرلەمانتارێكی سامانە سروشتییەكان: لە كوالێتی بەنزینی ٨٠٠ دینارییەكە رازی نین


پەرلەمانتارێكی لیژنەی سامانە سروشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، لە كوالێتی بەنزینە ٨٠٠ دینارییەكە رازی نین، چونكە بەو هۆیەوە چەندین ئوتومبیل سوتاون.

بەختیار شوكری، ئەندامی لیژنەی وزە وسامانە سروشتیەكانی پەرلەمانی كوردستان بە دەنگی ئەمریكای راگەیاندووە، وەكو لیژنەكەیان لە كوالێتی بەنزینە ٨٠٠ دینارییەكە رازی نین و وتی "بەهۆی كوالێتی ئەو بەنزینەوە چەند ئۆتۆمبێل سوتا لەسەر شەقامدا چ لە دهۆك، زاخۆ، هەولێر بێت یان سلێمانی ئێمە دەبێت هەموومان بەجددی لەسەر ئەو مەسەلەیە ڕابوەستین تاوەكو بتوانیین چارەسەری بكەین".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "رەنگە مانگانە حكومەتی هەرێم بە ملیارەها دینار زیان بكات بۆئەوەی بتوانێت بەنزینێكی كوالێتی باش بۆ هاوڵاتیان دابین بكات، حكومەت حەزدەكات بەنزین بكرێت بە ٤٥٠ دینار وەكو بەنزینی عێراق و كوالێتیەكەشی باشتر بكرێت، بەڵام بەداخەوە حكومەت ئەو‌ توانایەی نییە".

بەختیار شوكری وتویەتی "كێشەكە نەبوونی پاڵاوگەیەكی حكومییە تا نەوتی خاو ببەین و بەنزین دابین بكەین، پشكی نەوتی خاویش لەعێراقەوە بۆ ئێمە نایەت، بەرهەمی نەوتی هەرێمی كوردستانیش بەشی ئەوە ناكات بتوانرێت هەندێك هەناردە نەكرێت و بدرێت بە پاڵاوگەكان".



AM:11:05:08/07/2022