وەزیری نەوت: گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێم دەچنە خانەی بەقاچاخبردنی نەوتەوە

وەزیری نەوتی عێراق جارێكی دیكە پەیامێكی هەڕەشەی ئاڕاستەی هەرێمی كوردستان كرد و رایگەیاند "گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكان هەڵبوەشێنرێنەوە".
 
ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق بە ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێسی راگەیاندووە "گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان نایاسایین و دەچنە خانەی بەقاچاخبردنی نەوتەوە"، هەروەها باسی لەوە كردووە، رێكار لە دژی 17 كۆمپانیا دەگرنەبەر كە لەگەڵ هەولێر كار دەكەن و وتویەتی "ئەو كۆمپانیایانەی گرێبەستیان لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا واژۆكردووە، سەرەتا بە نووسراو ئاگاداردەكرێنەوە". 
 
وەزیری نەوت ئاماژەی بەوەكردووە "ئێمە پەیامێكی نەرمیان پێدەدەین: 'ئێوە لە بەقاچاخبردنی نەوتدا كاردەكەن.' ئەگەر ئەوان كۆمپانیای خاوەن رێز بن، ئەوا گوێمان لێ دەگرن."
 
پێشتر حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی وەكو بڕیارێكی "نایاسایی و سیاسی" دانا و سەركۆنەی كرد. 


AM:11:38:08/07/2022