ھێزەكانی ئەمریكا: لە بۆردومانێكدا دوو بەرپرسی باڵای داعش كرانە ئامانج


وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت "فەرماندەیی ھێزەكانی ناوەندیی ئەمریكا، لە رێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە، بۆردومانی دوو بەرپرسی باڵای داعشی لە باكوری رۆژئاوای سوریا كرد كە یەكێكیان كوژرا و ئەوەی دیكەش برینداربووە". 

وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە، بۆردومانەكە رۆژی ١٢ی تەممووزی ٢٠٢٢ ئەنجامدراوە و بەھۆیەوە ماھیر ئەلعەقال، كە یەكێكە لەو پێنج بەرپرسە پایە بەرزانەی داعش، ھاوكات بەرپرسی سوریای داعش بوو، لەم بۆردومانە كوژرا، بەرپرسێكی دیكەی داعشیش كە پەیوەندیی نزیكی لەگەڵ ماھیر ھەبوو لەم بۆردومانە بەسەختی برینداربوو. 

وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەكردووە "بەر لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەكە، پلانی تۆكمە بۆ سەرخستنی داڕێژرابوو، بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەكانیش زیانی گیانی لەنێو ھاوڵاتییانی سڤیل تۆمار نەكراوە".
 
راگەیەنراوەكە روونیكردۆتەوە "سەرباری ئەوەی بەرپرسێكی باڵای داعش بوو، ماھیر ئەلعەقال كەسی یەكەم بوو بۆ پەرەپێدانی تۆڕی پەیوەندییەكانی داعش لەدەرەوەی عێراق و سووریا".
 
هەر لەو بارەیەوە كۆڵۆنێل جۆ بۆچینۆ، وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی ھێزەكانی ئەمریكا رایگەیاندووە "بەهۆی ئەم ئۆپەراسیۆنەوە فەرماندەیی ناوەندیی ھێزەكانی ئەمریكا پابەندی خۆی دووپات دەكاتەوە بۆ شكست پێھێنانی داعش لە ناوچەكەدا و دوورخستنەوەی سەركردەكانی داعش توانای ئەم گرووپە پەك دەخات لە بەڕێوەبردنی تۆڕەكانیان و شكست پێھێنانی پیلان و كردەوە تیرۆریستییەكانیان لە جیھان".
 
بۆچینۆ راشیگەیاندووە "تاوەكو ئێستا داعش ھەڕەشەیە بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ھاوبەشەكانی لە ناوچەكەدا. فەرماندەیی ناوەندیی ھێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا بەردەوام دەبێت، لە بەرەنگاربوونەوەی ھەڕەشەكانی رێكخراوی تیرۆریستی لە دژی ئاسایشی ھەرێمی".




PM:07:31:12/07/2022