عەلی حەمەساڵح باسی "قورسیی" داخستنی قومارخانەكانی سلێمانی دەكات


عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، لە ماوەی رابردودا دۆسیەی قومارخانەكانی سلێمانیان هەڵداوەتەوە و دەڵێت "گەیشتینە ئەو ئەنجامەی هیچ هێزێك ناتوانێت دایانبخات لەبەرئەوەی هێزی دەسەڵاتدارو چەند بەرپرسێك هاوبەشن لەگەڵ روسی و لوبنانیەكان". 

عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری كوردستان لە نوسینێكدا ئەمڕۆ ١٢-٧-٢٠٢٢ بڵاویكردەوە، "لەماوەی ڕابردودا دۆسیەی قومارخانەكانی سلێمانیمان هەڵدایەوە، پاشان لەڕێگای لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە كەوتینە بەدواداچون بۆ داخستنی، گەشتیەنە ئەم ئەنجامە، بەهۆی ئەم قومارخانەوە دەیان خێزان هەڵوەشاوەتەوە سەدان كەس توشی گرفت بون".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردوە "بەپێی ئەو سیستمەی دانراوە(گرەو) نزیكەی 85% ئەگەری دۆڕاندن هەیە، بۆیە ئەوەی بچێت دۆڕاوەو براوە كۆمپانیاو خاوەن شوێن و حزبەو تائێستا ملیۆنان دۆلاریان بردوەتەوە".

عەلی حەمەساڵح وتویەتی "هەرچەندە نایاسایەو سیستمەكەش (جهازە، ڕۆڵێت و ئەكاونت) بەشێوەیەكە هەركەس بچێت دەدۆڕێت، بەڵام هیچ هێزێك ناتوانێت دایبخات، لەبەرئەوەی  هێزی دەسەڵاتدارو چەند بەرپرسێك هاوبەشن لەگەڵ روسی و لوبنانیەكان". 

ئەو پەرلەمانتارە روونیكردۆتەوە "خۆیان بە پێدان قەرزو وەرگرتنی بارمتەو دڵنیایی هانی خەڵك دەدەن زۆرترین پارە بدۆڕێنێت و سەدان خێزانیان هەڵوەشاندەوە و تەنیا سەرۆكی یەكێتی و جێگری سەرۆكی حكومەت بە بەرپرسیار دەزانین".



PM:08:36:12/07/2022