سكرتێری پێشووی حزبی شیوعی كوردستان کۆچی دوایی کرد

ئەمڕۆ پێنج شەممە ١٤ی تەموزی ٢٠٢٢ کەریم ئەحمەد، سکرتێری پێشووی حزبی شیوعی کوردستان لە تەمەنی (١٠٠) ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.

زیره‌ك كه‌مال، سه‌ركرده‌ له‌ حزبی شیوعی كوردستان رایگه‌یاند" به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ كه‌ریم ئه‌حمه‌د سكرتێری‌ پێشووی‌ حزبی‌ شیوعی‌ كوردستان له‌ شاری‌ هه‌ولێر له‌ ته‌مه‌نی (١٠٠) ساڵی بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی‌ دوایی كرد". 

ماڵپەڕی (سپی) لە تێلیگرام جۆین بکە

ئاماژەی بەوەشكرد، رێوڕەسمی بەڕێکردنی تەرمی كه‌ریم ئه‌حمه‌د لە مزگەوتی رەشاد موفتی بەڕێوەدەچێت و دواتر لە گۆڕستانی مەعمەل قیڕ-ی هه‌ولێر بە خاك دەسپێردرێت.

لە ساڵی ١٩٢٢ (لە گوندی (باقرتە و کەسنەزانی) سەربە شارۆچکەی کۆیە لەدایکبووە، تا پۆلی سێی سەرەتایی لە شاری هەولێر خوێندوە، دواتر ژیان فەرزی کرد بچێتە بەغدا، لەوێ قۆناغی سەرەتایی کردووە، ئەو کاتە باری گوزەرانی زۆر خراپ بووو و لە پشووی هاوینە بەکارکردن ژیانی خۆی دابین کردووە.

لە ساڵی ١٩٤٧ ژیانی هاوسەری پێکهێناوەو حەوت منداڵمان بوو (سێ کچ و چوار کوڕ)، بەڵام کچێکمان لە کاتی نهێنی و خۆشاردنەوە، هەروەها بە هۆی نەبوونی و کەمدەرامەتییەوە گیانی لەدەستداو کوڕێکیش لەریزی پێشمەرگایەتیدا شەهیدبووە. لەگەڵ ئەوەش مەسەلەی منداڵ و خێزان رێگر نەبوون لەکاری سیاسی وحزبیی، چونکە خێزانەکەشی بەردەوام لەناو حزبی شیوعیدا بوون. 

دوای تەواوکردنی قۆناغی سەرەتای لە بەغدا لە ساڵی ١٩٤٠چۆتە خانەی مامۆستایان و لەوێ خوێندن تەواو کردووەو بووە بە مامۆستا، دواتر چۆتە  پەیمانگای وەرزشی لە بەغدا و لەساڵی خوێندنی (١٩٤٥- ١٩٤٦) ئەو پەیمانگایەی تەواو کردووە.

دوای تەواوکردنی پەیمانگای وەرزشی لە هەولێر دامەزراوە، لەهەولێریش گواستراوەوە بۆ شاری کۆیە، لەو کاتەوە بووە بە مامۆستای وەرزش لەو شارەو یەکێک لە قوتابییەکانی جەلال تاڵەبانی دامەزرێنەرو سکرتێری یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بووە. 

کەریم ئەحمەد، کاتێک خوێندکاربووە لە خانەی مامۆستایان لە ساڵی ١٩٤٤ لەرێگای خوێندکارە شیوعیەکانەوە پەیوەندی بە حزبی شیوعی عێراقەوە کردووە، هەرچەندە ئەو کاتە زۆربەی گەنجان سەربەخۆبوون، بەڵام جگە لە شیوعی رەوتی نەتەوەیی عەرەب و نیشتمانی عیراقی و نەتەوەیی کورد لە ناو خوێندکاران هەبوون و بەنهێنی کاریان کردووە.

لەساڵی ١٩٤٩  لەلایەن حزبی شیوعی یەوە داوای لێکراوە واز لە وەزیفە مامۆستایەتی بهێنێت و خۆی بۆکاری حزبی تەرخان بکات. لەو ساڵەوە وازی لە مامۆستایەتی هێناوەو کاری حیزبی کردووە.

 لە سالی ١٩٥١ دەستگیرکراوەو بۆ دوو ساڵی تر بەندکراوە، دوای دەرچونی لە زیندان دیسان بووتەوە بە سەرکردایەتی حزبی شیوعی لە لیژنەی مەرکەزی لە ساڵی ١٩٥٣ و سکرتاریەتی حزبی شیوعی وەرگرتووە تا ١٩٥٥، دواتر بۆ جاری سێیەم دەستگیرکراوەتەوە بۆ سێ ساڵ حوکمدراوەو، تا ساڵی ١٩٥٨ لە ژێر چاودێری پۆلیسی حکومەتدا ماوەتەوە. لە ساڵی ١٩٦٣ لە کوردەتای ٨ مانگەی بەعسیەکان ئەمان لەگەڵ شۆڕشی کورد چەکیان هەڵگرت.

دواتریش لە ساڵی ١٩٨٩ ەوە وەک یەکێک لەسەرکردایەتییەکانی حزبی شیوعی چەکیان هەڵگرت و تا ساڵی ١٩٩١ و راپەڕینی خەڵکی کوردستان لە شاخەکانی کوردستان درێژەیان بە تێکۆشان داوە، دوای راپەرینیش سیاسیەکی سەرەکی دامەزرانێنەری حزبی شیوعی کوردستان بوو کە بۆ ماوەیەکیش سکرتێری بوو.

لە ژیانی سیاسی و ژیاریدا خۆیدا کەسێکی سادە و ژیانیشی هەر بە سادەیی ژیاوە تا کۆچی دوایی کرد.



AM:10:40:14/07/2022