وردەكاری ئەنجامدانی نوێژی بەكۆمەڵی ئەمڕۆی سەدر لە بەغداد


لیژنەی ئامادەكاری بۆ "نوێژی هەینی یەكگرتوو" لە بەغداد بەسەرۆكایەتی موقتەدا سەدر رایدەگەیەنێت، لەسەر داواكاری موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر ئەمڕۆ نوێژی هەینی یەكگرتوو بە بەشداری زیاتر لە ملیۆنێك هاوڵاتی ئەنجام دەدرێت و هەمو رێوشوێنێكی پێویستیش گیراوەتەبەر.
 
لیژنەی ئامادەكاری لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە شەقامی فەلاح لەناوچەی سەدر نوێژی یەكگرتوو ئەنجام دەدرێت بەهۆی زۆری ژمارەی نوێژخوێنانیشەوە ناوچەكانی نزیك لەو شەقامە دەتوانرێت بەكاربهێندرێت.

هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە "شەقامی مزگەوتی موحسن و نوسینگەی سەدر بەس نین بۆ ئەنجامدانی نوێژ، ئەگەری ئەوە هەیە ژمارەی نوێژخوێنان بەدرێژایی شەقامی فەلاح تا دەگاتە شەقامی سەدە نوێژ ئەنجام بدەن، چونكە تا ئێستا زیاتر لە ملیۆنێك نوێژخوێن لە باشورەوە تا باكوری عێراق ئامادەن بەشداری بكەن". 

بەگوێرەی میدیاكانی عێراق، هێزە ئەمنییەكانی سوپا و پۆلیس لەگەڵ سەرایاسەلام باڵی سەربازیی رەوتی سەدر، لە شەقام و دەروازەكانی ناوچەی سەدر بڵاوەیانپێكراوە و رێوشوێنی ئەمنی توندیان لەناو شارەكە و دەوروبەری گرتوەتەبەر.



AM:10:11:15/07/2022