وەزیری پەروەردە: لەماوەی دەستبەکار بوونی کابینەکەمان ١٣ هەزار منداڵ گەڕێندراونەتەوە بەر خوێندن

وەزیری پەروەردە رایگەیاند، "لە ماوەی دەستبەکار بوونی کابیینەی نۆیەم، وەزارەتی پەروەردە لە چوارچێوەی پرۆسەی گەڕاندنەوە بۆ خوێندن، توانیویەتی ١٣ هەزار منداڵ بگەڕێنێتەوە بۆ ناوەندەکانی خوێندن"

 ئەمڕۆ شەممە، ١٦ی حوزەیران ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردە بەبۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم و کار و چالاکییەکانی وەزارەتی پەروەردە لەو ماوەیەدا وتارێکی بڵاوکردەوە.

دەقی وتارەکە بەم شێوەیەی خوارەوە هاتووە:

وەزارەتی پەروەردە، گەورەترین وەزارەتی کەرتی مەدەنییە لەناو حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە نزیکەی ٢ میلۆن هاووڵاتیی لە خۆ دەگرێت، کە ئەوانیش بریتین لە قوتابییان و مامۆستایان و فەرمانبەرانن لەناو وەزارەتی پەروەردە.


لەبارەی یاسای چاکسازی سێ خاڵی گرنگ پەیوەندیدار بووە بە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە یەکەمیان نەهێشتنی سوودمەندبوون بۆ زیاتر لە جارێک لە مووچە و لە دەرماڵەکان.


 
خاڵی دووەمیش بریتیی بووە لەوەی کە رێکخستنی ماف و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەهیدان و دابینکردنی کورسی خوێندن بۆ کەسوکاری شەهیدان، کە ئەویش برییتییە لە کوڕ و کچ و هاوسەری شەهید.


خاڵێکی دیکە بریتی بووە لە پێداچوونەوە بە میلاکی فەرمانبەران و دۆسییەکانیان، کە زیاتر لە ١٦٢ هەزار و ٦١٣ پێداچوونەوەی پێدا کراوە و هەزار و ١١١ حاڵەت تۆمار کراوە کە بەدەر لە یاسا پلەیان پێدراوە.


لەگەڵ ئەوەشدا چوارچێوەی سیاسەتەکانی تایبەت بە فێرکردنی قوتابیانی خاوەن پێداویستی تایبەتمان بۆ یەکەمجار بە هاوکاری رێکخراوی (بریتش کاونسسڵ) دەرکردووە.


وەکو لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دا هاتووە  توانیومانە تا ئێستا زیاتر ٣٥ ناونیشانی کتێب پێداچوونەوەی  بۆ بکەین لە رووی زانستی و لە رووی هەموار کردنەوە و تەنانەت دانانی کتێبی نوێش.


لە خاڵێکی دیکەشدا توانیومانە زیاتر لە هەزار و ٤٣٦ مامۆستای خۆمان مۆڵەتی خوێندنیان پێ بدەین بۆ تەواو کردنی دبلۆمی باڵا و ماستەر و دکتۆرا، کە ئەمەش گرنگییەکی زۆری دەبێت لەسەر کوالیتی پرۆسەی خوێندن.


توانیومانە گەورەترین پلاتفۆڕمی ئەلیکترۆنی بۆ رایی کردنی مامەڵەکانی خۆمان دابنێین کە پلاتفۆڕمی E – parwarda یە کە سیستەمێکە پێکهاتووە لە ٦ بەش، تەواوی داتای مامۆستایان و قوتابییان و فەرمانبەران و هەموو مومتەلەکاتی قوتابخانەکانمان کردووە بە دیجیتاڵی و کۆی پرۆسەی قوتابخانەکان، ئێستا بە سیستەمێکی دیجیتاڵی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەبرێت.


 
گەورەترین پلاتفۆڕم کە تێیدا داتای ٢ ملیۆن مامۆستا و قوتابی و فەرمانبەری تێدا تۆمار کراوە کە دەکاتە ٣٣% دانیشتوانی هەرێمی کوردستان، ئێستا وەزارەتی پەروەردە خاوەندارێتی دەکات بۆ بەڕێوەچوونی کارەکانی.


توانیومانە خوێندن بۆ کوردانی تاراوگە بەردەست بکەین بۆ منداڵەکانیان کە تاوەکو ئێستا لە ٨ی ئادارەوە، ١٠٣ قوتابی ناوی خۆیان تۆمار کردووە بە بەردەوامی وانەی زمانی کوردی دەخوێنن کە مەبەستمانە زمانی کوردی فێری ئەو منداڵانە بکەین کە لە تاراوگە لە دایکبوون.


لە رووی قوتابخانەکانی چاکسازی و پشتگیری کردنی وەزارەتی کاروکارووباری کۆمەڵایەتییەوە، ئێمە ٣٩ مامۆستامان دابین کردووە بۆ ئەوەی لە زیندانەکان یان ئەوانەی پێیان دەوترێت چاکسازییەکانی سەر بە وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی پرۆسەی خوێندن بەردەوام بێت.


ماوەی سێ ساڵی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان توانیومانە ساڵی یەکەم ٣ هەزار و ٢٩٩ هەلی کار بۆ دەرچووانی دانەمەزراو لە رێگەی دەرچوواندنی رێنمایی پشت بەست بە یاساوە دەربکەین و توانیومانە لە ساڵی ٢٠٢٠ – ٢٠٢١دا،  ٥ هەزار و  ٨٠٢ دەرچووی دیکە دابمەزرێنین و لە ساڵی ٢٠٢١- ٢٠٢٢توانیومانە ٤٣٨ دانەمەزراوی دیکە دابمەزرێنین کە کۆی گشتی دەکاتە ٩ هەزار و ٥٣٩ هەلی کارمان تا ئێستا رەخساندووە.


قوتابخانەکانی پەنابەران، ئێمە  دوای ئەوەی کە رێکخراوەکان پشتگیری ماددی پێدانی مووچەی مامۆستاکانیان نەکردووە، لەسەر فەرمانی جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان توانیومانە شایستەی دارایی بۆ ئەو مامۆستایانە دابین بکەین.


توانیومانە لە چوارچێوەی پرۆسەی گەڕاندنەوە بۆ خوێندن، ١٣ هەزار منداڵ بگەڕێنینەوە بۆ ناوەندەکانی خوێندن.
ئێمە ئێستا ستراتیژی راهێنانی مامۆستایانمان تەواو کردووە لە وەزارەتی پەروەردە، کە دەمانەوێت وەرچەرخانێک لە بواری راهێنان دروست بکەین.


لە بواری دروستکردنی باڵەخانەکانی پەروەردەیی چ بۆ قوتابخانەکان و چ بۆ باخچەکان، جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ٤٦ ملیار و ٥٢٦ ملیۆنی تەرخان کردوە بۆ تەواو کردنی چەندین قوتابخانەی نوێ لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان.


بەهاوکاری هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان توانیومانە لەم کابینەیەدا ٦٣٥ قوتابخانە و باخچەی منداڵان و پەیمانگە نۆژەن کردنەوەیان بۆ ئەنجام بدەین، چ بە شێوازی تەواوەتی بێت یان بەشێکی بێت.


لە ماوەی ٣٠ ساڵی رابردوودا، هەرێمی کوردستان وەکو هەرێم تا ئێستا قبوڵ نەکرا بوو کە تاقیکردنەوە نێودەوڵەتییەکان بکات بۆ ئەوەی پێگەی خۆی لە نەخشەی پەروەردەیی جیهانی بزانێت، ئێمە ئەو مافەمان بەدەست هێنا کە بتوانین دوو پێشکەوتووترین و دیارترین تاقیکردنەوە لە ساڵانی ئایندەدا ئەنجام بدەین کە ئەویش تاقیکردنەوەکانی (پیسا و تیمز)ە، کە ئەم بابەتە گرنگییەکی یەکجار گەورەی هەیە و دەتوانێت راکینگێک بۆ سیستەمی پەروەردەی هەرێمی کوردستان دابنێت و خاڵە ئەرێنی و نەرێنییەکانی پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی راپۆرتی شیکاری لەلایەن دامەزراوە پەروەردەییەکانی جیهانەوە بۆ ئێمە دیاری بکات و کاری لەسەر بکەین. ئەمەش دەبێتە بنەمایەک بۆ ئەوی کە کەرتی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان بەراورد بکرێت لە لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەی دیکە کە لە جیهاندا بەشداری ئەو تاقیکردنەوانە دەکەن و لەناو سیستەمی راکینگی پەروەردەی خۆیانن.


جگە لەوەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان مووچەی دابینکردووە بۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی پەروەردە، تەنیا لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا توانراوە ١٩٩ ملیار دینار لەلایەن حکومەتەوە بۆ گەشەپێدانی کەرتی پەروەردە تەرخان بکرێت.

 



PM:03:07:16/07/2022