ئیسلامییە توندڕەوەكان لەشاری سنە لەناو خەڵكدا ترس‌و دڵەڕاوكێ دروست دەكەن

‌سنە
ژمارەیەك لە ئیسلامییە توندڕەوەكان لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی كوردستان بە هەڵگرتنی شمشێر‌و هوتافی ئەڵاهوئەكبەر لەشەقامە سەركییەكان خەڵك دەترسێنن.

بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی زاگرۆس پۆست: لەدوایین حاڵەتی خۆدەرخستنی ئەم تاقمە، هەفتەی رابردوو لەكۆتایی شەقامی فەرەح (تاناكۆرا) ژمارەیەك لەم تاقمە ئیسلامییە توندڕەوانە بە هەڵگرتنی شمشێر لەبەرچاوی هێزە ئەمنییەكان هەڕەشەیان لەخەڵك‌و دوكاندارەكانی ئەو شەقامە كردوە‌و بە دەنگی بەرز هاوریان كردوە "كێ غیرەتی هەیە بڵێت موسلمان نیە یان نوێژ‌و رۆژوو ناگرێت".

هەواڵەكە باس لەوە دەكات ئەم تاقمە هەڕەشەی كوشتنیان لە  ژمارەیەك روناكبیر‌و هەڵسوڕاوی چەپی شاری سنە كردوە.
هەروەها هاتووە: ئەمەش لەكاتێكدایە لەمزگەوتەكانی ئەو گەڕەكانەی دەكەونە قەراغ شاری سنە، پێشنوێژی مزگەوتەكان لەخوتبەكانیان باسیان لە زۆربوونی كوفر لەكوردستان‌و پێویستی جیهاد كردوە.

بە پێی زانیارییەكانی زاگرۆس پۆست، لەچەند هەفتەی رابردوودا چەندین گەنجی سەلەفی، لەشارەكانی جوانڕۆ، مەریوان، موچش‌و سنە، روویان لە هەرێمی كوردستان كردوە تا بە گروپی چەكدارەكانی داعش پەیوەست بن.

لەكۆتایی هەواڵەكدا هاتووە كە خەڵك بەهۆی ئەوەی متمانەیان بە هێزەكانی كۆماری ئیسلامیی نیە داوا لە حیزبەكانی رۆژهەڵات دەكەن بە هانایانەوە برۆن‌و دژی ئەم تاقمە ئیسلامییە هەوڵی پێویست بدەن.



PM:02:39:06/08/2014