لە رۆژهەڵاتی كوردستان ژنێك بەشێوەیەكی "دڕندانە" كوژرا


ژنێكی خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بەبیانوی ئەوەی منداڵی كوڕی نابێت لەلایەن هاوسەرەكەیەوە بەشێوەیەكی "دڕندانە" كوژراوە.

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو رایگەیاندووە "ئەو ژنە كوژراوە ناوی (گوڵجەمین نەجەفی) تەمەن 46 ساڵە و خەڵكی شارۆچكەی گاوارە سەر بە شاری داڵاهۆ لە پارێزگای كرماشانە".

بەپێی هەواڵی رێكخراوەكە "گوڵجەمین دایكی سێ كچە، بە بیانووی ئەوەی منداڵی كوڕی نەبووە بەردەوام لەلایەن هاوسەرەكەیەوە بێڕێزی پێكراوە و ئازاردراوە و دواجار ماوەیەك پێش كوژرانەكەی تۆراوە و چووەتەوە ماڵی باوكی".

ڕێكخراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە "ڕۆژێك هاوسەرەكەی (ع.ئ.ڕ.) چووەتە ماڵ خەزووری و ناوبراوی بردووەتەوە بۆ ماڵ و دواتر "شتێكی ڕەق و سەختی لە سەری داوە و كوشتوویەتی".

وەك رێكخراوی هەنگاو بڵاویكردۆتەوە "هاوسەری ژنەكە بە مەبەستی بەلاڕێدابردنی بابەتەكە تەرمی هاوژینەكەی بردووەتە جادەیەكی چۆڵ و بە ئۆتۆمبێل بەسەر سەریدا ڕۆیشتووە و دواتر بانگەشەی ئەوەی كردووە كە لەكاتی ڕۆیشتن دەرگای ئۆتۆمبێلەكەی كراوەتەوە و گوڵجەمین كەوتووەتە خوارەوە و سەری كەوتووەتە بەر تایەی دواوەی ئۆتۆمبێلەكە و بەهۆیەوە مردووە، بەڵام هاوسەرەكەی لەلایەن هێزەكانی پۆلیسەوە دەستبەسەر كراوە".



PM:10:56:18/07/2022