٥٢ زیندانی بادینان مانیان لە خواردن گرت

گیراوانی بادینان نامەیەکیان بۆ رای گشتی بڵاوکردەوە و لە نامەکەدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە مانیان لە خواردن گرتووە، دەشڵێن "مانگرتنەکەمان پەیوەندی بە داواکاریەکەمانەوە ھەیە".

زیندانیانی بادینان لە نامەکەدا ڕایانگەیاندووە " ئێمە وەکو زیندانیانی بادینان و کۆمەڵێك رۆژنامەنوس و چالاکوان و سزادراوانی زیندانی چاکسازی گەورانی ھەولێر کە ژمارەمان ٥٢ کەسە ھاوشانی سزادراوانی شێلادزێ بڕیاری مانگگرتنمان لە خواردن داوە".

هەروەها لە نامەکەدا ئەوەش هاتووە "بۆ ھەموو لایەک رونبووتەوە کە ئێمە دوور لە ھەموو پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و بە نایاسایی و نادیموکراسی، لەسەر ئازادی بیرۆراو داواکردنی مافە گشتیەکان و بەشێکیشیان بە ھۆی دژایەتی داگیرکاری و بۆردومانی نشتمانەکەمان سزادراوین، لە کاتێکدا حکومەت فرمێسکی تیمساحی بۆ قوربانیانی بوردومانی تورکیا دەڕێژێت.

دەقی نامەی ٥٢ زیندانیانی بادینان بەم شێوەیەی خوارەوە هاتووە:

 نامەیەک لە زیندانەوە بۆ میدیاکان

بەھۆی رێگری لە ئازادبونیان زیندانیانی بادینان مانگرتنی سەرتاسەریان راگەیاند

بۆ/ ڕای گشتی

بۆ/ ھەرسێ سەرۆکایەتی ھەرێم

بۆ/ UN و نوێنەرانی وڵاتان لە ھەرێم و رێکخراوە نێوخۆ و جیھانیەکان

 

ئێمە وەکو زیندانیانی بادینان و کۆمەڵێك رۆژنامەنوس و چالاکوان و سزادراوانی زیندانی چاکسازی گەورانی ھەولێر کە ژمارەمان ٥٢ کەسە ھاوشانی سزادراوانی شێلادزێ بڕیاری مانگگرتنمان لە خواردن داوە.

 

مانگرتنەکەمان پەیوەندی بە داواکاریەکەمانەوە ھەیە کە پێدانی (ئازادبونی مەرجدار)ە بەپێ ماددەی ٣٣١ لە بنەما دادگاییەکانی سزا کە مافێکی یاسایی خۆمانە، بەڵام لەلایەن داواکاری گشتیەوە دەستاودەستی پێ دەکرێت و ھەوڵ ھەیە بەھوی دەستێوەردانی حزبی و کەسی یەوە ئەو مافەمان لێ زەوت بکرێت و بێ بەش بکرێین لەو ٢٥٪‏ ی یاسایەی کە ھەمانە، داواکارین لە دەستھەڵاتی دادوەری سەروەری خۆی بپارێزێت و لەپێناو بەرژەوەندی حزبی و کەسی چاو لەو مافەمان دانەپوشێت، ئێستا بەپێ یاسا و کەمکردنەوەی سزاکە لە لایەن سەرۆکایەتی ھەرێمەوە ئەو سزایە نادادپەروەرانەی لەسەرمان جێبەجێکرا بوو تەواو بووە و یاسا سەروەر بێت پێویستە دەستبەجێ ئازادبکرێین.

 

بۆ ھەموو لایەک رۆنبووتەوە کە ئێمە دور لە ھەموو پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و بە نایاسایی و نادیموکراسی، لەسەر ئازادی بیرۆراو داواکردنی مافە گشتیەکان و بەشێکیشیان بە ھۆی دژایەتی داگیرکاری و بۆردومانی نشتمانەکەمان سزادراوین، لە کاتێکدا حکومەت فرمێسکی تیمساحی بۆ قوربانیانی بوردومانی تورکیا دەڕێژێت.

 

دواکارین لە گشت سزادراوانی لە ئاسایش و چاکسازیەکانی کوردستان مانگرتنی ئازادی یان مردن بۆ یەکلاییکردنەوەی دوسیەکانیان ڕابگەیێنن، چونکە بە ئاشکرا دەستێوەردان لە کاروباری دادگاکان دەکرێت، پێویستە ھەموو لایەنێک لەسەر ئەم نادادیە بھێنە وەڵام و چیتر بەھۆی فشاری حکومەتی ھەرێمەوە کارە یاساییەکانی دەستەڵاتی دادوەری پەکنەخرێت و دامەزراوەکانی ئەم وڵاتە بۆ تەسفیەی حسابات و رقی سیاسی بەکارنەھێنن.

 

زیندانیانی بادینان لە چاکسازی گەورانی ھەولێر

٢٤ی ٧ی ٢٠٢٢



PM:01:25:24/07/2022