یەكێتی: پێشوازی لە كاندیدكردنی محەمەد شیاع دەكەین بۆ سەرۆك وەزیران



مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا پێشوازی لە كاندیدكردنی محەمەد شەیاع سودانی لەلایەن چوارچێوەی ھەماھەنگییەوە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق راگەیاند.

یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاندوە "دەستخۆشی لە چوارچێوەی ھەماھەنگی دەكەین كە بە كاندیدكردنی محەمەد شەیاع ئەلسودانی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی حكومەتی داھاتوو ھەنگاوێكی گرنگیان نا لەڕێی بەگوڕكردنی پرۆسەی سیاسی لە وڵاتدا. ھیوادارین ئەم ھەنگاوە رێكارە یاسایی و دەستوورییەكانی پێكھێنانی حكومەتی نوێ خێراتر بكات".

هەروەها دەڵێت "‎یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وێڕای پێشوازی لەو بڕیارە، جەخت لە پتەوكردنی ھەماھەنگی و بەردەوامیی پەیوەندییە نیشتمانییەكان دەكاتەوە لەپێناو سەرخستنی پرۆسەی چاكسازی و پێكھێنانی حكومەتێكی نیشتمانیی خزمەتگوزار كە ببێتە مایەی سەقامگیری، بەھێزكردنی پایەكانی دەوڵەتداری، خزمەتكردنی زیاتری خەڵك و پاراستنی مافە نەتەوەیی و دەستوورییەكانی گەلی كورد و عێراق و قووڵكردنەوەی گیانی تەبایی و ئاشتەوایی لەنێوان ھەموو نەتەوە و پێكھاتەكان".



PM:08:51:25/07/2022