مەكتەبی سیاسیی پارتی داواكارە بەرەنگاری تابووری پێنجەم ببنەوە

مەکتەبی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستان داوا لە بەرپرس، کادیر، ئەندام و لایەنگرانی پارتی دەکات، کە لە چوارچێوەی رێکخستنەکانیاندا خۆیان رێک بخەن و پشتیوان و هاوکاری ئاساییش و پۆلیس بن بۆ پاراستنی ئاساییشی هاووڵاتیان و بەرەنگاربوونەوەی هەر خراپەکاری یان پڕوپاگەندەی دوژمنکارانە کە لە لایەن تابووری پێنجەم و ناحەزانەوە بڵاو دەکرێنەوە.

لە بەیاننامەیەکدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاو کراوەتەوە، مەکتەبی سیاسیی پارتی هاوکات رایدەگەیەنێت، کە "پارتیی دیموکراتی کوردستان کە لە مێژوویدا دژی تیرۆر بووە و پارێزەری گەل و نیشتمان بووە، ئەمڕۆیش سەربەرزانە لە بەرەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و تیرۆریستەکاندا خوێن دەبەخشێ و قورابنی دەدات".

مەکتەبی سیاسیی پارتی لە بەیاننامەکەیدا هاوکات داوا لە خەڵکی کوردستان دەکات، کە وەک هەمیشە خۆڕاگر بن و دژی هەر پروپاگەندەیەکی دوژمنان بوەستن.

بەیاننامەکە هەروەها جەخت دەکاتەوە، "هاووڵاتیانی ئازیزمان دڵنیا دەکەینەوە کە پارتیی دیموکراتی کوردستان وەک هەمیشە هەموو قوربانییەک دەدات بۆ بەرگریکردن لێیان و پاراستنی سەر و ماڵ و بەرژەوەندییەکانیان، لە چوارچێوەی پاراستنی هێمنی و ئاساییشی هەرێمی کوردستان و ئەزموونەکەمان و دڵنیاشیان دەکەینەوە کە سەرکەوتن هەر بۆ کوردستانە.



PM:04:01:07/08/2014