سەرپەرشتیاری ئیدارەی زاخۆ: ناتوانین ١٠٠% بڵێین توركیا ئەنجامدەری رووداوەكەی (پەرەخ)ە



سەرپەرشتیاری ئیدارەی زاخۆ رایدەگەیەنێت "تۆپبارانەكەی سەیرانگای پەرەخ بە تۆپی 155 ملم كراوە، لەو ناوچانەوە بوە كە لە ژێر دەستی سوپای توركیایە، بەڵام هێشتا لێكۆڵینەوەكان تەواو نەبوە و ناتوانین 100% بڵێین ئەو وڵاتە ئەنجامدەری بوە".

گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە دەنگی ئەمریكای راگەیاندوە "ئەو حاڵەتەی لە پەرخ ڕویداوە، دڵتەزێن بو دەست بەلێكۆڵینەوە كراوە، دو لیژنە لەعێراقەوە و لە هەرێمی كوردستانیش لەوەزارەتی پێشمەرگە بەشداربون لەگەڵ پاسەوانی سنور، وەك دەزانرێت ناتوانرێت ڕۆژی یەكەم چ لایەنێك ئەم كردەوەیەی ئەنجامداوە لێكۆڵینەوەكان زیاتر بۆ ئەوە چوە كە وڵاتی توركیا ئەو بۆردومانەی كردوە، پێرێش لیژنەیەكی باڵای سەربازی ئەمنی لەعێراق و هەرێمی كوردستانیش بەشداربو سەردانی هەمو ناوچەكەی كردوە و سەردانی ئەو شوێنە كراوه".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "بەپێی ڕاپۆرتی عێراق و وەزیری دەرەوەی عێراق لەوێ ئامادە بوو زیاتر كردەوەی ئەم ڕوداوە وڵاتی توركیا بوە، چونكە بەپێی لێكۆڵینەوەكانی سەربازی و ئەمنی چوار جار بۆردومان كراوە به تۆپی 155 ملیمە ئەمانە هەموی ئاماژەن بۆ ئەوە كە لە مەودایەكی دورەوە هاتوە ئاراستەی مەوداكەشیان دیاریكردبوو كە له ‌لایەن توركیاوە تۆپباران كراوە، هەتا ئێستاش لێكۆڵینەوە بەردەوامن".


شێخۆ روونیكردەوە "ئاماژەكان بۆ ئەوەن كە وڵاتی توركیا ئەنجامی داوە، ئەمە نابێتە 100%، چونكە ئێمەش وەكو ئیدارە چاوەڕێی ڕاپۆرتی دروستی ئەمنی و سەربازی دەكەین، لەبەرئەوەی ئەمە كاروباری ئەمنیە، بەڵام ئاماژەكان هەموی بۆ ئەوەن كە ئەم بۆردومانە وڵاتی توركیا ئەنجامی داوە چەندین لێدوانی فەرمیش لە توركیاوە دەرچوە ئەوان رەتیانكردوە كە ئەم كارەیان ئەنجامدابێت".

سەبارەت بە تۆمەتباركردنی گەریلاكانی پەكەكە لە روداوەكەدا، سەرپەرشتیاری ئیدارەی زاخۆ وتی "بوونی پەكەكە لەهەموو خاڵە سنورییەكان لە زاخۆوە هەتا دەچێتە ئامێدی هەیە، بەڵام بەوشێوەیە نییە كە بەئاشكرا بێت، بەڵكو بە دزەپێكردنە، واتە شوێنی سەربازیان نییە ئەو شوێنەی تۆپباران كرا ناوچەیەكی ئاوەدانە و گوندی لێیە ئەو گوندەی كە تۆپباران كراوە 30 ماڵی لێیە و خەریكی ئاژەڵدارین و باخ و ڕەزییان هەیە لەو ناوچانە ڕۆژانە خەڵك دەچێتە ناوچەكە لەگوند، بەڵام بونی پەكەكە لەناوچەكە بوە هۆكاری ئەو تراژیدیایەی كە لەو ڕۆژانە ڕویدا، 28 گوندی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ئێستا چۆڵكراون بەحوكمی ئەوەی شەڕوپێكدانی لەنێوان پەكەكە و توركیا هەیە ئەمە چەندین جارە هەرێمی كوردستان و ئێمەش وەكو ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ داوامانكردوە كە شەڕی خۆیان ببنە ناو وڵاتی توركیا ئەمە شوێنی ئەوان نییە".



AM:09:46:28/07/2022