وەزیری پەروەردە: لەبارەی فرۆشتنی چەند ئاژەڵێک بە زیادکردنی ئاشکرا ڕوونکردنەوە دەدات

ئەمڕۆ پێنج شەممە، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لەبارەی فرۆشتنی چەند ئاژەڵێک بە زیادکردنی ئاشکرا دەڵێت: ئاژەڵەکان هی ئامادەیی پیشەیی کشتوکاڵە لە بەکرەجۆ و بەپێی یاسا دەفرۆشرێن.  

  

دەقی ڕوونکردنەوەکە بەمشێوەیە هاتووە:

دەستخۆشی و سوپاس بۆ  بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانی :  

سوپاس و پێزانیم هەیە بۆ پەروەردەی گشتیی سلێمانی و هەموو پەروەردەی پارێزگاکانی دیکەش کە گرنگی بە خوێندنی پیشەیی دەدەن.

  بەداخەوە هەندێک میدیا بێ لێوردبوونەوە هەواڵێک دادەرێژن لەبارەی زیادکردنێکی ئاشکرا بۆ فرۆشتنی چەند ئاژەڵێک بێ لێوردبوونەوە و گەڕان بەدوایی وردەکارییدا، بەڵام باشتر بوو بەدواداچونیان بکردایە و دەیان راپۆرتی رۆژنامەوانی و تەلەفزیۆنیان بکردایە بۆ پشتگیریکردنی کەرتی پەروەردە بزانن بنەڕەتی ئەو بابەتە چییە و چۆنە ؟، ئەوکات دەبوە هاندان بۆ گرنگیدانی زیاتر بە توانا و کارامەییەکانی قوتابیان  و خوێندکاران و رۆڵی دڵسۆزانەی مامۆستاکان ، بۆ بەرچاو ڕوونی هەموو لایەک :  

١-ئامادەیی پیشەیی کشتوکاڵ لە بەکرەجۆ یە ، بەشەکانی ( ئاژەڵداری - دەواجن - رووەکداری ) ساڵانە مامۆستایان و  قوتابیان بە پشتگیری دارایی حکومەت ئاژەڵ و پەلەوەر و نەمام دەکڕن و مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکاران لەو ئامادەییە پرۆژەی کشتوکاڵییان هەیە ، وانەی پراکتکی لەسەر دەخوێنن و بەخێویان دەکەن، کە بەرهەمیان زیاد دەکات و هەروەها کە سوودیان نامێنێت بۆ بابەتی خوێندن ، لە کۆتایی ساڵی خوێندن بە زیادکردنی ئاشکرا و بەشێوەیەکی یاسایی راگەیاندنی فرۆشتنی بۆ دەکرێت چ ئاژەڵ بێت یان پەلەوەر یان گوڵ ونەمام… ، سودەکەی دەبێتە داهات ، بەکاردێت بۆ : ( بەشێکی بۆ پرۆژەی ساڵی ئایندەتر ) بەشێکی قازانجەکەی بۆ ( مامۆستایان و قوتابیان و فەرمانبەرانی پەروەردە کە بەشداریان کردوە لە پرۆژەکەدا) بەشێکی دیکە بۆ ( کڕینی پێداویستی تەکنیکی بەشەکانی ئامادەییە کشتوکاڵییەکە) تەرخان دەکرێت.  

٢- ئەم کارە ئەنجام دەدرێت بە گوێرەی ( ڕێنمایی پرۆژەکانی بەرهەمهێنان- پیشەیی(.
 

٣ئامادەیی کشتوکاڵی سلێمانی ، ساڵی پار (١٦٠ تۆن ) بەرهەمی گەنمی هەبووە و بە زیادکردنی ئاشکرا فرۆشراوە

لەکۆتاییدا سوپاس بۆ مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکاران ، سوپاس بۆ پەروەردەی گشتیی سلێمانی کە توانیویانە بەکردار بەرهەمیان هەبێت .

داوا لە بەشێک لەو میدیا بەرێزانە دەکەم هاندەر بن بۆ کەرتی پەروەردە ، هاندەربن بۆ خوێندنی پیشەیی کە ئێمە وەک کۆمەڵگەی کوردستانی پێویستیمان بە برەودان و پێشخستنی خوێندنی پیشەیی هەیە و لە ئێستادا تواناکانمان چڕکردۆتەوە بۆ پشتگیریکردن و گەشەپێدانی خوێندنی پیشەیی ، هەتا خوێندنی پیشەیی و تەکنیکی پێشنەخەین بەگوێرەی بازاڕی کار  وپێداویستییەکانی کۆمەڵگە ئەستەمە کادری ئامادەکراوی کارامە بۆ بازاری کاری کوردستان پەیدابکەین ، بەشێکی گەورەی وەرچەرخانی کەرتی پەروەردە ، خوێندن و فێربوونە بەکردار.  

ئالان حمە سعید  

وەزیری پەروەردە 

٢٨ ی ٧ ی ٢٠٢٢ 



PM:04:47:28/07/2022