هاوڵاتییەک لە ئاوی زێی بچووکی سنوری قەزای پشدەر دەخنکێت

تەرمی هاوڵاتییەک، کە پیشەی ئەفسەرە بە پلەی رائید، ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا، کە لە ئاوی زێی بچووکی سنوری قەزای پشدەر (قەڵادزی) خنکاوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئیدارەی ڕاپەڕین، ئەمشەو تەرمی هاوڵاتیەک بەناوی (ف . ع . م) لە ڕەگەزی نێر، پیشەی ئەفسەر بە پلەی رائید لە فەوجی (٧٢) سەر بە یەکەی هێزەکانی (٧٠)، دانیشتووی سلێمانی گەڕەکی بەکرەجۆ، لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی فریاکەوتنی قەڵادزێ و ئاسایشی قەڵادزێ گەیەندرایە نەخۆشخانەی گشتی، کە لە زێی بچووکی سنوری قەزای پشدەر (قەڵادزی) خنکاوە.

ئەوەش هاتووە" بەوتەی هاوڕێکانی پێنج کەس بوون سەرجەمیان هاوپیشەن بەمەبەستی گەشتوگوزار چونەتە زێی بچوک، بەڵام لەکاتی زیاد بوونی ئاوەکە ئەو کەڵەکەی سواری بوون هەڵگەڕاوەتەوە و هەر پێنجیان کەوتوونەتە ناو ئاوەکە و چواریان ڕزکاریان بووە و یەکێکیان خنکاوە، دۆسیەی لێکۆڵینەوەش بۆ ڕووداوەکە ڕێکخراوە". 


AM:12:26:29/07/2022