بارزانی: زۆر نیگەرانین لەو قەیرانەی ئێستا عێراق

 


مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەپەیامێكدا رایگەیاند، كێشەكانی نەوت و غاز و بودجە ئەمانە قابیلی چارەسەرن و دەڵێت "ئێمە زۆر نیگەرانین لەو قەیرانەی ئێستا عێراق تێیدایە".

مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەمەراسیمی پێشوازیكردن لە رووفاتی ئەنفالكراوی بارزان ڕایگەیاند "راستە كێشە هەیە، بوونی كێشە سروشتییە، هیچ كێشەیەك نییە چارەسەری نەبێت، ئەگەر نیازی باش هەبێت بۆ چارەسەركردن، كێشەی نەوت و غاز و بودجە و كێشەكانی دیكە هەموویان شیاوی چارەسەركردنن، بەڵام بە تێڕوانینی من كێشەی بنەڕەتی و مەترسیدار بوونی ئەو كولتوورەیە كە ئەو تاوانانە بەرهەم دەهێنێت، پێویستە ئەو كولتوورە ریشەكێش بكرێت".

بارزانی ئاماژەی بەوەكردوە "ئێمە زۆر نیگەرانین لەو قەیرانەی ئێستا عێراق تێیدایە، لە دوای رووخانی رێژێم سوود لە دەرفەتەكە وەرنەگیرا و دەستوور بەلاوە نرا و هۆكاری كێشەكان چارەسەر نەكرا و مامەڵەی هەڵە لەگەڵ ئەنجامەكان كرا، خەڵكی عێراق بە گشتیی، ئەوەندە ئازاریان چێشتووە، شیاوی ئەم ژیانە نین، ئێستا تێیدان، ئومێدەوارین هەموو لایەك هەست بە بەرپرسیارێتی بكەن و بە نیازێكی پاك و ئیرادەیەكی پۆڵایین ئەم قەیرانە كۆتایی بێت و جارێكی دیكە ئەم جۆرە كارەساتە نەبینینەوە."

ماوەی چەند رۆژێكە لایەنگرانی موقتەدا سەدر لە دژی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق دەستیان بە خۆپیشاندانی گەورە كردووە و بینای پەرلەمانی عێراقیان كۆنتڕۆڵ كردووە.


 



PM:06:42:30/07/2022